کەشناسی: خۆڵبارین کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
خۆڵبارین بەشێکی شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، کاریگەریی خۆڵبارینەکە لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە نامێنێت. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی سێشەممە لە هەندێک ناوچە نمە باران دەبارێت.
رۆژی دووشەممە 6ی ئاداری 2023 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبارێت و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا کەش جێگیر دەبێت؛ هەروەها لە هەندێک ناوچەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى تەرزە دەبارێت.
لەبارەی خۆڵبارینەوە، دیلان رەشاد گوتی، خۆڵبارین بەهۆی خێرایی باوە بووە و لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای نیوەڕۆوە خۆڵبارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان؛ لە ناوچەکانی دیکەش لاواز دەبێت، خۆڵبارینیش بەگشتی ئەمشەو تاوەکو بەرەبەیان کۆتایی دێت."
سەبارەت بە بارانبارینیش ئەو کەشناسە ئەوەی خستەڕوو، "لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە و لە شەودا کاریگەریی بۆسەر ناوچەکانی دیکەش دەبێت و لە هەندێک شوێن نمە باران دەبارێت". گوتیشی، "رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک لاواز دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینی کراو بۆ سبەی دووشەممە لە باشووری کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی