رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، مووش، سێرت و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، رێگەی 398 گوند و شارۆچکە و ئاوایی داخراون، تیمەکانی شارەوانیی لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندان.
لە شەوی 5ـی مانگەوە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین، بەشی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە.
رێگەی 168 گوند، ئاوایی و ناوچەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای جۆلەمێرگ، لە مووش 111، لە بەدلیس 78 و لە وان رێگەی 41 گوند داخراون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە بەفربارینەکەی رۆژی 5ـی مانگ، رێگەی 88 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون لە جۆلەمێرگ داخرابوو، بەڵام رۆژی دواتر گەیشتە 168 گوند. لە مووش رێگەی 61 گوند، لە بەدلیس رێگەی 100 گوند و لە وان-یش رێگەی 69 گوند داخرابوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، زۆرترین بەفر لە 24 کاژێری رابردوودا لە جۆلەمێرگ باریووە. لە بەرزاییەکانی گەڤەر لە هەندێک شوێن 20سم و لە لووتکەی شاخەکان و گوندەکانی نزیک لە بەرزاییکاندا 40سم باریووە.
هەر ئەمڕۆ سەرما و سۆڵە بە بەفربارین، زوقم و سەهۆڵبەندان پارێزگاکانی شرنەخ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، چەولیگ، دێرسم و ئەرزینگانیشی بەرێژەیەکی زیاتر گرتەوە.
بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، دەوامی قوتابخانەکانی 24 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، بەهۆی بەفربارینەوە بۆ ماوەی رۆژێک کرایە پشوو. لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی پشوو بۆ چەند رۆژی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ