پارێزەرێک سکاڵا لەسەر سەندیکای پارێزەران تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژانە لە لایەن پارێزەرانەوە بە سەدان سکاڵا دەبردرێنە دادگەکان، بەڵام پارێزەرێک لە هەولێر سکاڵای لەسەر سەندیکای پارێزەران تۆمارکردووە، بەوەی ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆنگرەی سەندیکا تێپەڕیوە هەڵبژاردن نەکراوە. 
 
ئومێد پاڵانی، پارێزەری راوێژکارە، دەڵێت: "سکاڵام لە دادگە تۆمارکردووە کە کۆتایی بهێنێت بە کارەکانی سەندیکای پارێزەران و داواشم کردووە دادوەرێک و چوار پارێزەر بۆ ماوەی 30 رۆژ کارەکان بەڕێوەببەن تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە بێت، کاری سەندیکا ئێستا "نایاساییە" بەڵام "ئیمتیازی گەورەی هەن لە رووی ماددی و پەیوەندییەوە و ئەو ستافە قۆرخیان کردووە."
 
ساڵی 1993 سەندیکای پارێزەران دامەزراوە، دوایین کۆنگرەیان ساڵی 2019بووە، بەڵام ئەو ستافە لە ساڵی 2015 لە سەندیکان، سێ جار کات و ساتی هەڵبژاردنیان دیاری کردووە، بەڵام نەتوانراوە هەڵبژاردن بکرێت. کۆنگرە دەسەڵاتی بەردەوامی پێداون تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
دوای ساڵێک و دوو مانگ ستافی هەڵبژێردراوی سەندیکا دەستبەکاربوون، دەبووایە ساڵی 2018 کۆنگرە کرابووایە و ستافێکی نوێ دەستبەکار بووبان، کەچی شەش ساڵ تێپەڕی و کۆنگرە و هەڵبژاردن نەکراون.
 
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانە، دەڵێت: ئەو بارە سیاسیەی لە کوردستان هەیە، رەنگدانەوەی هەبووە و هۆکار بووە کە تاوەکو ئێستا هەڵبژاردن نەکرێت و دوا بکەوێت. "ئێمە داوامانکردووە هەرچی زووە هەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوا نەکەوێت. ئومێدمان وایە لە ئەم ساڵدا ئەنجامی بدەین."
 
سەندیکای پارێزەران لە سەرجەم پارێزگەکانی باشووری کوردستان لقی هەیە، 35 ژووری پارێزەرانیش لە شار و شارۆچکەکان هەن. 
 
پارێزەرێکی راوێژکار لە لقی سلێمانی پێی وایە تائێستا حیزبەکان کۆمەڵە و سەندیکا و یەکێتییەکان پێکدەهێنن و ئەوانیش نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
میران عوسمان ناوی ئەو پارێزەرەیە، ئاماژە بەوە دەکات، "بمانەوێت یاخود نا، هۆکارە حیزبییەکان بوونە کە تاوەکو ئێستا هەڵبژاردن نەکرێت و کاتی خۆی یەکێتی و پارتی لەسەر هەڵبژاردن رێککەوتن، بەڵام چەند لیستێکی سێبەر دروست بوون و نەکرا."
 
خەریکە ساڵەکانی نەکردنی کۆنگرە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ دەکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوان تاوەکو کەی لەسەر کورسی دەمێننەوە.
 
ئەیاد ئیسماعیل کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران باس لەوە دەکات، لایەنێکی سیاسی ئامادە نییە بۆ هەڵبژاردن و تائێستا رەوشەکە ئاوا ماوەتەوە و "هەموومانی نیگەران کردووە." دەشڵێت: "راستە کارەکان دەکەین، بەڵام لە دیدی خەڵک ناشرین بوونە و چەندین جار داوای دەستلەکارکێشانەوەمان کردووە و قبووڵ نەکراوە."
 
هەموو ئەو کەسانەی مافیان خوراوە، یاخود دەیانەوێت لە رێگەی یاساوە داوای مافی خۆیان بکەن پارێزەران رێگەی ئەوانن بەرەو دادگە و دەسەڵاتی دادوەری.