هەولێر لە رووی کوالێتیی هەواوە لە شارە هەرە پیسەکانی جیهانە
رووداو دیجیتاڵ
پیسبوونی هەوا ساڵانە نزیکەی 7 ملیۆن کەس دەکوژێت کە 600 هەزاریان منداڵن یان تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە. هەولێریش لەم مەترسییە بەدەر نییە.
زۆر جۆر ماددەی هەوا پیسکەر هەن، مەترسیدارترینیان تەنۆلکە وردەکانن کە لە ئەنجامی کشتوکاڵ، چالاکیی پیشەسازی، سووتاندنی دار پەیدا دەبن.
بەگوێرەی دامەزراوەی ئای کیو ئەیری سویسری، کە چاودێری کوالێتیی هەوای جیهان دەکات، ساڵی 2017 تاوەکو 2022 پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە رووی کوالێتیی هەواوەوە لەسەر ئاستی 7 هەزار و 323 شار، 336ـەمین پیسترین شاری جیهان بووە.
ماڵپەڕی دامەزراوەکە نیشانی دەدات، رۆژی سێشەممە، چڕیی تەنۆلکە وردە پیسەکان لە هەوای هەولێردا، لەنێوان چوار تا هەشت جار لەو ستانداردە زیاتر بوو کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی WHO دایناوە.
ئەمانە تەنۆلکەی تۆز، پیسایی، تەنی، دووکەڵ و شلەمەنییە پیسەکانن؛ ژەهراوی و کوشندەن، لە رێگەی هەناسەدانەوە دەچنە نێو سییەکان و لەوێشەوە بۆ نێو خوێن. ئەوەش دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و سییەکان و لە هەموویشی مەترسیدارتر، شێرپەنجە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو نزیکەی 10 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆربەیان لە پارێزگای هەولێر بوون.
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، پەیوەندیی شێرپەنجە و پیسبوونی هەوا خرایە ژێر وردبینەوە.
رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگە و راگەیاندن ئاماژەی بەوەکرد، "چوار هۆکاری سەرەکیی هەن بۆ پیسبوونی هەوا، ژمارەی پاڵاوگەکان، ژمارەی کارگەکان، موەلیدەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل."
ئەرشیفی گووگڵ ماپس پێشانمان دەدات، ئەوەی لە ساڵی 1984ـەوە لە هەولێر زیادیکردووە، کۆنکرێت بووە.
زەوییە سەوزەکان لە ئاسمانەوە بە ئەستەم لەنێو خانوو و باڵەخانەکاندا دەبینرێن.
تووشبووانی شێرپەنجەش لە هەولێر و کوردستان بە گشتی ساڵ لەدوای ساڵ زیاتربوون، بەجۆرێک لە ساڵی 2020، شەش هەزار و 200 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام بۆ ساڵی 2023 ئەو ئامارە گەیشتووەتە زیاتر لە نۆ هەزار و 900 تووشبوو، کە 55٪یان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.