پۆلیسی سلێمانی دوو گەنج بە تۆمەتی تەقەکردن و هەڕەشەکردن دەستگیردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی تەقەکردن لە هاونیشتمانییەک دەستگیر کردووە و کەسێکی دیکەشیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە هاونیشتمانییەک دەستگیر کردووە کە هەردووکیان چەکیان پێبووە.
 
رۆژی یەکشەممە 06-02-2022 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، له‌ دوو چالاكیی‌ جیاوازدا مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوو تۆمه‌تباریان به ‌تۆمه‌تی‌ ته‌قه‌كردن‌ و هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌ستگیركردووە، کە یەکێکیان تەقەی لە هاونیشتمانییەک کردووە و دەستبەجێ دەستگیرکراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەیدا.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌لایه‌ن هاونیشتمانییەکەوە له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێك كه‌ به‌ زه‌بری‌ چه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكردبوو‌، مه‌فره‌زه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد و توانرا له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا تۆمه‌تبارەکە‌ ده‌ستگیر بكرێت و له ‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كه‌دا ده‌ستیش به‌سه‌ر دوو چه‌كی ‌جۆری‌ كڵاشینكۆڤ ‌و ده‌مانچه‌دا گیرا".
 
تۆمه‌تباران بە ناوەکانی (ر. م. ن) و (د. ج. ع) به ‌بڕیاری‌ دادوه‌ر راگیراون‌ و پۆلیس دەڵێت، لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن.