بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە خۆكوشتنی ئەفسەرەكەی دەكۆڵێتەوە
رووداو- هەولێر
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس كە شەوی سێی ئەم مانگە خۆی كوشت، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكهێنرابوو بۆئەوەی دادگایی بكرێ، بەڵام وەزیری ناوخۆ ئەو داواكارییەی رەتكردبووەوە.
شەوی 3/2/2018 تەرمی مولازمی یەكەم راستی ئەحمەد، تەمەن 31 ساڵ، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزرایەوە. ئەگەرچی هێشتا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس لەبارەی رووداوەكە لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام دەگوترێ راستی خۆی كوشتووە.
رووداوەكە هەر زوو بەسترایەوە بە "كێشەیەكی شەخسی"، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكەی، بەڵام بەڕێوەبەرەكە ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە. راستی قوتابی ماستەر بوو لە بەشی كارگێڕی لە قوبرس، بەنیاز بوو لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتەوە قوبرس بۆ تەواوكردنی خوێندنەكەی، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا.
هاوڕێیەكی راستی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت: "راستی ئەو ماوەیە بەهۆی دەمەقاڵەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەی، زۆر بێ تاقەت بوو. دواتر دەنگۆیەك بڵاوبووەوە كە داوای پەیوەندی لە بەڕێوبەرەكەی كردووە. ئەمەش راستیی رووخاند، چونكە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسیان نەبوو، ئەو قسەڵۆكانە زۆر دووربوون لە كەسایەتیی ئەو".
سەبارەت بەهۆكاری خۆكوشتنی راستی، هاوڕێكەی دەڵێت: "ئەو رووداوە زیاتر لە مانگێكە روویداوە، من ناتوانم سەد لە سەد بڵێم هۆكاری خۆكوشتنی راستی بەهۆی ئەو قسانەوە بووە، ناشتوانم بڵێم ئەوە هۆكار نەبووە، چونكە هەموو مرۆڤێك هەندێك شت لەدڵیدایە بە هاوڕێ نزیكەكانیشی ناڵێت".
هاوڕێیەكی دیكەی راستی كە خزمیشیەتی، لەبارەی رووداوەكەوە دەڵێت: "راستی كەسێكی بوێر و زیرەكی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بوو، بۆیە دژایەتییەكی زۆر دەكرا، تا كار گەیشتە ئەوەی بوختانی بۆ بكەن. بوو بە قسە و قسەڵۆك گوایە رەفزی وەرگرتووە، لەكاتێكدا بەڕێوەبەرەكەی لە تەمەنی ئەودا نییە و زۆر لە خۆی گەورەترە. ئەم بوختانە بە تاكە هۆكاری خۆكوشتنی راستی دەزانم".
بە گوتەی ئەو هاوڕێیەی، راستی بەر لەوەی خۆی بكوژێ، تەلەفۆنی بۆ دایكی كردووە، پاشان هەر لە نێو ئۆتۆمبێلەكەی لە گوندی ژاڵەناو گوللەیەكی لەسەری خۆی داوە.
ئەحمەد حەمەئەمین، باوكی راستی كە كەسایەتییەكی دیاری دەربەندیخانە، بە( رووداو)ی گوت: "تاوەكو ئێستا هۆكاری خۆكوشتنی كوڕەكەم نازانین، چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی پۆلیسین، تا ئەوكات نامانەوێت هیچ بڵێین و جارێ سكاڵاش لەسەر كەس تۆمار ناكەین".
عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە خۆكوشتنی ئەو ئەفسەرە بەوەوە دەبەستنەوە. عەقید لەمیعە بە (رووداو)ی گوت: "ئەوەی لەبارەی پەیوەندی من و ملازم راستییەوە دەگوترێ، هەموو قسە و قسەڵۆكە. ئەو پێش مانگێك هاتە ژوورەكەی من و هەڵەی بەرامبەر من كرد، زیاتر هەڵچوونێك بوو، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەك لێژنەی لێكۆڵینەوەمان لەسەر پێكنەهێنا، لە گوڵ كاڵتریشمان پێنەگوت".
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردبوو راستی ببرێتە بەردەم دادگا، بەڵام وەزیری ناوخۆ ئەو داواكارییەكەی رەتكردبووەوە.