تورکیا قەدەخەی گەشتکردنی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، تورکیا قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، تاوەکو 6-7-2025 درێژکردەوە.
 
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
 
رۆژی دووشەممە، 06ی کانوونی دووەمی2025، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " کاژێرێک پێش ئێستا ئاگادارکراینەوە کە جارێکی دیکە قەدەخەی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی شەش مانگی دیکە درێژکرایەوە."
 
بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو 6-7-2025، قەدەخەکە درێژدەکرێتەوە."
 
لەبارەی هۆکاری درێژکردنەوەی قەدەخەکە بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی، "لەسەر هەمان هۆکاری رابردوو قەدەخەکەیان درێژکردووەتەوە."
 
دوایین جار لە 08-06-2024 تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 07-12-2024 درێژکردەوە. لە دوای ئەو رێککەوتەوە، نە کاتەکەی درێژ کردووەتەوە و نە قەدەخەکەی هەڵگرت تاوەکو ئەمڕۆ، کە بۆ جارێکی دیکە درێژیکردووە.
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.