لە سلێمانی پرۆژەی سمارت سولی رادەگەیێنرێت

رووداو دیجیتاڵ

پلاتفۆرمی شاری زیرەک (SMARTSULI) ئەمڕۆ لە سلێمانی رادەگەیێنرێت؛ ئامانج لێی بەیەکەوە کارکردنە بۆ گۆڕینی سلێمانی بۆ "شوێنێکی داهێنەرانەتر."
 
پێگەی SMARTSULI بڵاویکردووەتەوە، رۆژی یەکشەممە بە دەستپێشخەریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاکاسۆنی پلاتفۆرمی سمارت سولی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەبات کە تێیدا چەندین تێبینی و پێشنیاز بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، داتا و زانیارییەکان و دەوڵەمەندترکردنی پلاتفۆرمی سمارت سولی، دەخرێنەڕوو.
 
پلاتفۆڕمی سمارت سولی، دەستپێشخەریی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شاری سلێمانی و وەکو دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمەکە ئاماژەیان پێداوە؛ "ئەرکمان پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەری داهێنەرانە کە کوالێتیی ژیان بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەرزبکاتەوە."
 
هەروەها دەڵێ "باوەڕمان بە کۆکردنەوەی دیدگە و بۆچوونی جیاوازە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی شارەکەمان دەبنەوە... هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بە تۆمارکردنی ناویان لەو پلاتفۆرمەدا، دەتوانن کێشە و ئاڵنگارییەکانی شارەکەیان بخەنەڕوو."