بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر "بەڕێژەی 70٪" وەستاوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دروستکردووە. 
 
خورشید 12 ساڵە کاری وەبەرهێنان لە هەولێر دەکات و چوار پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە. ئەو وەبەرهێنەرە ئامادەکاری بۆ خستنەڕووی دوو هەزار شوقەی دیکە دەکرد تاوەکو بیانخاتە بازاڕەوە، بەڵام هێرشە درۆنییەکان پلانەکەیان پێ دواخست.
 
خورشید عەبدولمەناف، وەبەرهێن دەڵێ "بەنیازبووین دوو پڕۆژەی نوێ بخەینە بازاڕەوە، بەڵام بەهۆی ئەم هێرشە درۆنییانەی دەکرێنە سەر هەولێر، پلانەکەمان دواخست. ئەم هێرشە درۆنییانەی سەر هەولێر وایان کردووە بازاڕی خانووبەرە بەڕێژەی 70٪ بووەستێت."
 
زیاتر لە دوو مانگە، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر بە رێژەی 70٪  دابەزیوە. کەسێک کە زۆر باش درکی بەو دابەزینە کردووە و بە داتا لایەتی، سەردار ئازادە، کە بە شەش لقی کۆمپانیاکەیەوە، ئێستا مانگانە 10 گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقەی نییە. ئەو، دەڵێ هیچ کات وەک ئێستا بێ بازاڕ نەبوون.
 
سەردار ئازاد، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر بە رووداوی گوت، "لە زۆنی زێڕین وەکو 32ـی پارک و ناوچەکانی دیکە، بازاڕی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە بەتەواوی وەستاوە. هێرشە درۆنییەکان وایانکردووە خەڵک کەمتر لەم زۆنەدا کاری کڕین و فرۆشتن بکەن، نرخیش بە رێژەی 35٪ دابەزیوە."
 
کەمیی خواست لەسەر کڕین، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخیش دروستکردووە، بەجۆرێک نرخی شوقە، خانوو و زەویش بە رێژەی سەدا 25٪ دابەزیوە، ئەمە وەک خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر باسی دەکەن، هەروەها دەڵێن بەشی باکووری رۆژئاوای هەولێر، پشکی شێری لە دابەزینی نرخ و کەمیی خواستی کڕینی خانووبەرە بەردەکەوێت.