چوار گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵوەشێندرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە هۆکارێکی "نادیار" ئەمڕۆ، چوار گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەڵوەشێندراونەتەوە، بەگوێرەی ماڵپەڕەکەیان، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ گەشتێک هەڵنەوەشێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە 06-01-2024) سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە چوار گەشتی فڕۆکەخانەکە هەڵوەشاونەتەوە، لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتی، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە نازانێت.
ماوەی دوو رۆژە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و هەولێر ناجێگیرە، ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکە تەم دروستبوو، بەڵام بەگوتەی سەرچاوەکەی رووداو، هیچ گەشتێک بەهۆی کەشوهەواوە هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەو گەیشتانەی هەڵوەشاونەتەوە، پێکدێن لە: دوو گەشتی ئەڵمانیا، گەشتێکی نەمسا و گەشتێکی تورکیا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش، ئەمڕۆ هیچ گەشتێکی ئەو فڕۆکەخانەیە هەڵنەوەشێندراوەتەوە.
هەڵوەشانەوەی ئەو گەشتانە لەکاتێکدایە لە بەرەبەیانیی 15ـی 12-2023 نزیکەی 15 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و یەک گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵوەشێنرانەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هەبوونی تەمێکی چڕ بوو.