لە كەركووك خێزانێک گوللەباران دەكرێن

رووداو- كەركووك

سالم و هەڵمەتی كوڕی كە لە میوانداری بوون و دەگەڕانەوە ماڵەوە، لەلایەن دوو كەسەوە دەستڕێژی گوللەیان لێكرا و كوژران، دوای رووداوەكە بكوژەكان هەڵاتن و تا ئێستا دەستگیرنەكراون.

شەوی 30/12/2019 باوك و كوڕێك بە ناوەكانی سالم نووری، تەمەن 55 ساڵ و هەڵمەت ساڵم، تەمەن 29 ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلی لە شاری كەركووك لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لە رێگادا دەستڕێژی گوللەیان لێكرا و كوژران.
 
عەمید هەڤاڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عروبە، بە(رووداو)ی گوت: "سەعات 10ی شەوی 30/12/2019 لە نزیك گەڕەكی پەنجا عەلی ئۆتۆمبێلێك لە ئۆتۆمبێلەكەی سالم و كوڕەكەی نزیكبووەتەوە و تەقەیان لەو باوك و كوڕە كردووە، بەو هۆیەوە ئەوان كوژران و دوو ئافرەتیش بریندار بوون".
 
سەبارەت بەهۆكاری رووداوەكە، عەمید هەڤاڵ گوتی: "كوشتنی ئەو باوك و كوڕە پەیوەندی بە رووداوێكی كۆنەوە هەیە كە پێش دوو ساڵ روویداوە. خێزانی بكوژەكان كوڕە گەورەی سالمیان تاوانبار كرد بە كوشتنی كوڕێكیان، دیارە ئەو شەوە لە تۆڵەی ئەوە بۆسەیان بۆ باوك و كوڕەكە داناوەتەوە و كوشتوویانن".
 
بە گوتەی عەمید هەڤاڵ بەرزنجی، چوار كەس لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون، دوو كەسیان تەقەیان لە سالم و كوڕەكەی كردووە و پاشان هەڵاتوون. گوتیشی: "مانێگ پێش رووداوەكە برای یەكێك لە تۆمەتبارەكان تەقەی لە هەڵمەت كردبوو، گوللەیەك بەر قاچی كەوتبوو، بەڵام رۆژێك پێش ئەو رووداوە پۆلیس تەقەكەرەكەی دەستگیركرد و ئێستا لەلای ئێمە دەستبەسەرە".
 
سەمەد سالم، لە پرسەی باوك و براكەیدا بە گریانەوە باسی ئەو كێشەیەی كرد كە بەهۆیەوە باوكی و براكەی بوونە قوربانی و گوتی: "ساڵی 2016 برای یەكێك لەوانەی تەقەیان لە باوكم و براكەم كرد، كوژرا. ئەو برایەیان پێش ئەوەی بكوژرێ‌ لەگەڵ من مامەڵەیەكی هەبوو، بەنیازبووم هەندێك ئاژەڵی پێ بفرۆشم، بەڵام رێكنەكەوتین، دوای مانگێك ئەو كەسە كوژرا. سەرەتا گوتیان لەلایەن ئامۆزایەكییەوە كوژراوە، ئامۆزاكەیان مانگێك لە زیندان بوو پاشان ئازاد كرا، ئینجا سكاڵایان لەسەر من تۆمار كرد".
 
سەمەد دەڵێت كاتێك سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، چونكە هیچ تاوانێكی نەكردبوو. سەمەد گوتی: "دوو ساڵ لە زیندان مامەوە، چونكە ئەوان ناوی 28 كەسیان وەكو شایەتحاڵ دابوو بە دادگا، بەڵام دواجار دادوەر بڕیاری ئازادكردنی منی دا، چونكە هیچ بەڵگەیەك نەبوو كە من ئەو كوڕەكەم كوشتبێ‌".
 
سەرەڕای ئەوەی سەمەد لە دادگا بێ تاوان دەرچوو، بەڵام دەڵێت كەسوكاری ئەو كوڕە وازیان لێ نەدەهێنا و دەیانگوت لە سەمەد خۆشنابین. 
 
"ئەوان لە پێناو دەستكەوتنی پارە، تاوانەكەیان خستەی ئەستۆی ئێمە. دوای ئەوەی من بێتاوان دەرچووم، دوو كەسیان ناردە ماڵی ئێمە، گوتیان با سوڵحی عەشایەری بكەین، داوای پارەیان كرد، بەڵام من رازی نەبووم و گوتم من بە یاسا بێتاوان دەرچووم و هیچ شتێكتان لای ئێمە نییە".
 
سەمەد باسی كوشتنی باوك و براكەی دەكات و دەڵێت: "ئەو شەوە باوكم و هەڵمەتی برام لەگەڵ دایكم و هاوژینەكەم چووبوون بۆ سەردانی خزمێكمان كە نەخۆش بووە و تازە لە ئێران هاتبووەوە، سەعات 10ی شەو گەڕابوونەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لە رێگا بۆسەیان بۆ دانراوەتەوە و تەقەیان لێكراوە، باوكم و براكەم دەستبەجێ‌ مردن و دایكم و هاوژینەكەشم بریندار بوون".
 
سەمەد لەلایەن هاوژینەكەیەوە لە رووداوەكە ئاگادار كرابووەوە، كاتێك گەیشتبووە شوێنی رووداوەكە، باوكی و براكەی گیانیان دەرچووبوو، پۆلیسی لە رووداوەكە ئاگادار كردبووەوە. پاشان دایكی و هاوژینەكەی گواستبووەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
بە گوتەی سەمەد، پێنج گوللە بەر سەر و سینگی باوكی كەوتبوون و دوو گوللەش بەر سەری براكەی كەوتبوون. سەمەد دەڵێت بە هیچ شێوەیەك لەو خێزانە خۆشنابن، چونكە باوكی و براكەی بەبێ‌ تاوان كوژراون.
 
سەبارەت بە رەوشی تەندروستی دایكی و هاوژینەكەی، سەمەد گوتی: "دایكم رەوشی تەندروستی باش نییە، گوللەیەك بە سەری كەوتووە، پزیشكەكان دەڵێن دەبێ‌ نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆ بكرێ‌، هاوژینەكەشم دوو گوللە بەر قاچی كەوتووە".