لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان و لیژنەی پێشمەرگە داوا دەکەن وەزیری پێشمەرگە بچێتە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان لە پەرلەمان دەڵێت، سەبارەت بە زیاتربوونی جووڵەی چەکدارانی داعش، وەزیری پێشمەرگە بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 5-12-2021، جوان یونس، سەرۆکی لیژنەی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراوی هاوبەشی لیژنەی ئێمە و لیژنەی پێشمەرگەمان ئامادەکردووە و لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتوودا لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر دەکەین".
جوان یونس گوتیشی، مانگی ئایاری رابردوو سەبارەت بە هۆکاری جێگیرنەبوونی ئەو لیوا هاوبەشانەی بڕیارە دروستبکرێن داوایان کردووە وەزیری پێشمەرگە بچێتە لیژنەکەیان، بەڵام شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گوتی، هەندێک کار ماوە تەواوببن و دواتر دەچێتە پەرلەمان. جوان یونس دەشڵێت، "تاوەکو ئێستاش وەزیر نەهاتووە".
سەرۆکی لیژنەی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "نووسراوی هاوبەشمان بە ناوی لیژنەکەی ئێمە و لیژنەی پێشمەرگەوە ئاڕاستەی وەزیری پێشمەرگە کردووە بۆئەوەی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بێت و روونیبکاتەوە کە بۆچی لیوا هاوبەشەکان کارەکانیان تەواو نەبووە".
جوان یونس گوتیشی، هێرشەکانی داعش زیادیان کردووە؛ دەبێت وەزیری پێشمەرگە هۆکاری ئەوە روونبکاتەوە کە بۆچی کاروباری لیواکان تەواونەکراوە و گوتیشی: "ئەگەر کێشە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت وەزیر پێمان بڵێت و ئەگەریش لە بەغدایە هەردەبێت روونیبکەنەوە بۆ ئەوەی دەرچەیەکی دیکە بدۆزینەوە".
تاوەکو رۆژی یەکشەممە وەڵامی نووسراوی هەردوو لیژنەکە نەدراوەتەوە؛ بەگوتەی جوان یونس، چاوەڕوانن لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزیری پێشمەرگە ئامادەیی خۆی دەربڕێت.
لە دوایین چوار هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە لە 27-11-2021ـەوە تاوەکو 2-12-2021 ئەنجامیداون، 18 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهیدبوون.