بەڵێننامە بە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان سلێمانی پڕکراوەتەوە کە بە بێ مۆڵەت خۆپیشاندان نەکەن
رووداو - سلێمانی
لە سلێمانی رێگە بە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت نادرێت و بەڵێننامەش بە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان پڕکراوەتەوە کە بە بێ مۆڵەت نابێت خۆپێشاندان بکەن.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: لە دوێنێ هەینییەوە بەشێکی زۆر لە بازاڕ و دووکانەکانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی کراونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە بەشێک لەو دووکان و بازاڕانە داخرابوون، لەوانە بازاڕی مەولەوی و دەبۆکە.
تەنیا شوێنێک کە دوێنێ داخرابوو، چایخانەی کولتووری سەرا بوو کە دەکاتە ناو سەرای سلێمانی. بەگوتەی پەیامنێری رووداو چایخانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرابوو هۆی ئەوەی دەنگۆی ئەوە هەبووە بەشێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان لەو شوێنە کۆببنەوە و پلان دابنێن.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، لە چەند شوێنێکی شاری سلێمانی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و چالاکیە مەدەنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، بۆئەوەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان لە ئامادەباشیدابن بۆ ئەوەی رێگری لێبکەن.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، 55 کەس لەوانەی کە رێکخەر و هەڵسوڕاوی سەرەکی خۆپیشاندانەکان بوون، لە دوای مانەوەیان بۆ ماوەی 24 کاژێر لای ئاسایش، ئازاد کران.
بەڵێننامە بە هەموویان پڕکراوەتەوە بەشداریی خۆپێشاندان نەکەن و خۆپیشاندانیش رێکنەخەن، ئەگەر خۆپێشاندانیش بکەن دەبێت مۆڵەت لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی وەربگرن، ئەگەر پارێزگاری سلێمانی شوێن و کاتەکەی بۆ دەستنیشان کردن، ئەوا ئەوان هێزەکانی ئاسایش دەنێرن بۆ ئەوەی هەم پاڵپشتییان بکات و هەمیش بەرگریان لێبکات، بەڵام ئەمجۆرە لە خۆپیشاندان، داخستنی بازاڕ ، گرتنی سەرای سلێمانی ، دروستبوونی ئاژاوەو دەستوەردانی هەندێک لایەنی سیاسی بۆ نێو دۆخەکە، وەک لایەنە ئەمنی و ئیدارەییەکانی پارێزگا دەڵێن "قبووڵکراو" نییە.
خۆپێشاندانی ئەمجارەی مامۆستایان بۆ مووچە، ئاوێتەبوونی دەنگی کاسبکاران و بەشێک لە هاونیشتمانیانیشی بۆ باشترکردنی بژێویی ژیانیان لێکەوتووەتەوە. سەبیحە محەممەد یەکێکە لە خۆپێشاندەرەکان و دەڵێت "کوڕەکەم بەهۆی هەژارییەوە خۆی کوشتووە و ئێستاش هاوژینەکەم دەستگیرکراوە، تەنیا من و کچێکی بچووکمین ناتوانن بەبێ مووچە و هاوکاریی حکومەت بژین، هاتووم داوابکەم بژێویی ژیانمان باشتربێت".
خۆپێشاندانەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی گرژی لێکەوتەوە. هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و دار و چەکی کارەبایی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە.
لە خۆپێشاندانەکە زیاتر لە 15 رێکخەری خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، زیاتر لە 35 خۆپێشاندەریش بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی برینداربوون.