عەلی تەتەر: پێمانباشە یەکێتی کەسانی دەستڕۆیشتوو بەربژێر بکات
رووداو - هەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بۆ بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز پارتی پێیخۆشە لایەنەکانی دیکەش بەهێزترین کەسایەتییەکانیان بۆ پۆستە باڵاکان بەربژێر بکەن و دەشڵێت: "هیواخوازین گۆڕانیش ئەگەر خوازیاری بەشداریکردنی لە حکومەت هەیە چالاکتر و راستگۆیانەتر بەشداری حکومەت بێت".
د. عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی رووداو، باسی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
دەربارەی بۆچوونی پارتی لەسەر ئەگەری بەربژێرکردنی قوباد تاڵەبانی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حاکم قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، د. عەلی تەتەر رایگەیاند: "درووشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان کە بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز بوو، لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دوو لە بەهێزترین کەسایەتی و کادرەکانی خۆی بۆ دوو پۆستی هەرە هەستیار بەربژێر کردووە، بۆ لایەنەکانی دیکەش پارتی پێیخۆشە بەهەمان شێوەیە لایەنەکان بەهێزترین کەسایەتییەکانیان بۆ پۆستە باڵاکان بەربژێر بکەن، بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەسایەتییەک بەربژێر بکات کە دەستڕۆیشتووبێت لەنێو یەکێتی و قسەی بڕوات و جێگەی رەزامەندی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی و جەماوەر بێت".
سەبارەت بە بەرکەوتەی لایەنەکان لە حکومەت، عەلی تەتەر دەڵێت: "لایەنەکان بەپێی بەرکەوتەی خۆیان پۆستیان پێدەدرێت، ئەوەش دەوەستێتە سەر گفتوگۆی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ئایا چەند لایەنی بەشداری لە حکومەتی ئاییندەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوانەشی بەشداری حکومەت دەکەن ناکرێت وەکو پێشوو پێیەکیان لەنێو حکومەت بێت و پێیەکیان لە ئۆپۆزیسیۆن بێت".
لەبارەی پەیوەندییەکانی گۆڕان و پارتی، عەلی تەتەر دەڵێت: "پارتی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان باشە و بەرە ئاستێکی باشتر دەچێت، ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستانی نییە، ئەگەر ناکۆکیش هەبێت ئەمە شتێکی سروشتییە، هیوادارین ئەمجارە بزووتنەوەی گۆڕان ئەکتیڤانەتر و راستگۆیانەتر بێنە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بڕیاربێت بەشداری لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات، ئەگەر بڕیارە بەشدار بێت لایەنێک لەلایەنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنیش بێت راشکاوانە هەڵوێستی خۆی وەربگرێت و وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامی بە خەباتی سیاسی خۆی لە هەرێمی کوردستان بدات".