واشنتن دەیەوێت حکومەتێکى "گشتگیر، بەهێز و نەرم" لە هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ

پێکهێنانى حکومەتێکى "گشتگیر بەبێ دواکەوتن و خێرا، بەهێز و نەرم" پەیامى سەرەکیی باڵیۆزى یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانى جیهان بوو لە عێراق، لە گەشتێکى 24 کاژێریدا بۆ هەرێمى کوردستان کاتێک لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى دوو پارتە براوەکەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، لەو کۆبوونەوانەدا ئەلينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق، ئامادەیی واشنتنى پێشانداوە بۆ پاڵپشتیکردنی پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، بەڵام دەستپێشخەرییەکى دیاریکراوى بۆ ئەو پرسە نەبووە. 
 
کۆوبونەوەکانى ئەلينا رۆمانۆوسكى لە هەرێمى کوردستان لە 4ـی تشرینى دووەم دەستیپێکرد، کە هاوڕۆژى یادى سەربەخۆیی وڵاتەکەى بوو، لە کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان یادەکەى بە بانگهێشتکردنى نوێنەرى زۆرینەى لایەنەکان کردەوە.
 
ئەو گەشتەى باڵیۆزى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان لە سەروبەندى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى 20ـی تشرینى دووەمى پەرلەمانى کوردستان بوو، بڕیارە لە نزیکەى دوو هەفتەدا کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامەکان پەسەند بکات بۆ دەستپێکردنى خولى شەشەمى پەرلەمان و، قۆناخى کرداریی دانوستاندن بۆ پێکھێنانى کابینەى دەیەمی حکومەتی هەرێمى کوردستان. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "باڵیۆز بۆ هاندانى پێکهێنانى حکومەت بەزوویی؛ چوو بووە هەرێمى کوردستان، پێشنیازێکى دیاریکراوى نەبوو." 
 
"گشتگیر بێ دواکەوتن" 
 
کۆبوونەوەیەکى ئەلينا رۆمانۆوسكى لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی بوو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان. 
 
لە نووسینێکدا ئەلينا رۆمانۆوسكى لە تۆڕى ئێکس لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە کردووەتەوە دەڵێت "تاوتوێى هەوڵەکانى پێکهێنانى حکومەتمان کرد بەبێ دواکەوتن، لە دواى تەواوکردنى رێوشوێنەکانى هەڵبژاردن."
 

سەرۆک مەسعود بارزانی، رۆژی دووشەممە، 04-11-2024، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند "پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە." 
 
لە سێى تشرینى دووەمەوە، ماوەى 17 رۆژ لە بەردەم کۆمیسیۆن و دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەى ئەو 41 تانەیە یەکلابکەنەوە، کە لەبارەى ئەنجامى کۆتایی دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە پێشکێش کراون.
 
پەیامى "حکومەتێکى گشتگیر" لە کۆبوونەوەیەکى دیکەى باڵیۆزەکە بوو لەگەڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 

ئەلينا رۆمانۆوسكى لە تۆڕى ئێکس لەبارەى کۆبوونەوەکە نووسیویەتى "ئەو دیدارە بۆ جەختکردنەوە بوو لە پاڵپشتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ پێکھێنانى حکومەتێکى گشتگیر، کە خواستى هاونیشتیمانى هەرێمى کوردستان بهێنێتەدى."
 
بەرلە هەفتەیەک لەو گەشتە، باڵیۆزی ئەمریکا تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى بە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد کە 29ـی تشرینى یەکەم لە هەولێر ئەنجامدرا. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "هە‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كردووەته‌وه‌".

 

 
حکومەتێکى بەهێز و نەرم 
 
"بوونى حکومەتێکى بەهێز و نەرم لە هەرێمى کوردستان گرنگە." ئەو گوزارشتەش لە نووسینى ئەلینا رۆمانۆوسکى لە تۆڕى ئێکس هاتووە لەبارەى کۆوبونەوەى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، کە بۆ پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت و دۆخى ناوچەکە بووە. 
 
رۆمانۆوسکى ئەو جۆرە حکومەتە "بەهێز و نەرم"ـەى لە هەرێمى کوردستان بە گرنگ زانیوە بۆ گەرەنتیکردنى سەقامگیری و سەروەریى عێراق و، رووبەڕووبوونەوەى ئەو هەڕەشانەى لە ناوچەکە دا هەن. 
 

دەستپێکردنى گەڕى دانوستاندنەکان بۆ پێکھێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، بەهۆى جەنگى ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵاى لوبنانى و بزووتنەوەى حەماسی فەلەستینی و گرژى سەربازیى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران. 
 
باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە دیدارى لەگەڵ قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى پرسی پێکهێنانى حکومەت، بەهێزیی دامەزراوەکانى بە هۆکار بۆ بەھێزیی عێراق زانیوە. 
 
رۆمانۆوسکى لە تۆڕى ئێکس لە بارەى ئەو کۆبوونەوەیە دەڵێت "بەهێزیی دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆڵ دەبینێت لە بوونى عێراقێکى سەقامگیر، ئاسایش و خاوەن سەروەرى."

 

 
ئەرکى دواساتەکان لە باڵیۆزخانە
 
ئەنجامى هەڵبژاردنەکان دەریخست هیچ لایەنێک لە براوە سەرەکییەکانى هەڵبژاردن بەتەنیا نیوە کۆیەکى 100 کورسییەکەى پەرلەمانى داهاتووى نییە، کە پێویستە بۆ پێکهێنانى حکومەت. 
 
پارتى وەک براوەى یەکەم 39 کورسى بەدەستهێناوە، یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەمدایە، متمانەدان بە کابینەیەکى نوێ پێویستى بە 51 کورسییە، ئەو هاوکێشەیە وادەکات گەڕى دانوستاندنى گەرم پێشبینی بکرێت لەنێوان دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەى هەرێمى کوردستان کە لە کابینەى حکومەتەکانى پێشوودا دوو پایە سەرەکییەکەى بوون.    
 
یەکێک لە بەشدارانى کۆبوونەوەکانى رۆمانۆوسکى لە هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداو گوت "باڵیۆزى ئەمریکا گوتى ئامادەین بۆ هاوکارى لێکنزیککردنەوەى لایەنەکان بۆ ئەوەى لەسەر پێکھێنانى حکومەت رێکبکەون."
  
سەردانەکەى ئەلینا رۆمانۆوسکى لە کاتى زیادکراوى دەسەڵاتیدا بوو لە پۆستى باڵیۆزى ئەمریکا و، بڕیارە تريسى ئان جاکۆپسون، جێگەى بگرێتەوە.
 

سەرچاوە دیپلۆماسییەکەى ئەمریکا بە رووداوى گوت "ئەگەر هەیە تاوەکو مانگێکى دیکە باڵیۆزى نوێ دەستبەکاربێت، ئەگەر هەوڵەکانى پێکھێنانى کابینەى نوێى حکومەت پێویستی بە دەستپێشخەری بێت، باڵیۆزە نوێیەکە دەیکات."
 
هەوڵەکەى رۆمانۆوسکى و بەردەوامیی جێگرەوەکەى بەئاڕاستەى پێکهێنانێکى "خێراى" کابینەى نوێى حکومەت ئاماژەى گرنگیى هەرێمى کوردستانە بۆ واشنتن.
 
لە ئاهەنگى سەربەخۆیی ئەمریکا لە هەولێر رۆمانۆوسکى گوتى، "جەخت لەسەر بەها هاوبەشەکانمان دەکەینەوە بۆ پتەوکردنى دیموکراسی، پێکەوە کار دەکەین بۆ بەهێزکردنى هاوبەشیی گشتگیر لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمى کوردستان بۆ بونیاتنانى عێراقێکى سەقامگیر و  ئارام."