لە کەرکووک زیاتر لە 6000 قوتابی دوای وازهێنانیان گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک زیاتر لە 6000 قوتابی دوای وازهێنان لە خوێندن جارێکی دیکە ئەم ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن، کە نزیکەی 230یان لە خوێندنی کوردین.
رۆژی سێشەممە 05-11-2024 کامەران عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ نزیکەی 230 قوتابیی خوێندنی کوردی گەڕاونەتەوە بەر خوێندن، دوای ئەوەی ماوەیەک بوو بە هەر هۆکارێک بێت وازیان لە خوێندن هێنابوو."
بە گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، قوتابییە گەڕاوەکانی خوێندنی کوردی 30 قوتابییان گەڕاونەتەوە قوتابخانە ئاساییەکان، 200ی دیکەش گەڕاونەتەوە خوێندنی خێرا و نەهێشتنی نەخوێندەواری.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دوێنێ دووشەممەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەم ساڵ 6272 قوتابی لە کەرکووک گەڕاونەتەوە خوێندن؛ 1949 قوتابی لە خوێندنی ئاسایی، 1236 لە بەرنامەی خوێندنی خێرا و 3087 قوتابی بۆ خوێندنی دەرەکی گەڕاونەتەوە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، زۆربەی گەڕاوەکان لە سنووری ناوچە عەرەبنشینەکانن، ئەوان بە هۆکاری جیاجیا وازیان لە خوێندن هێناوە و ئێستا جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 21-09-2024 دەرگای قوتابخانەکان لە عێراق کرانەوە، زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی روویان لە قوتابخانەکان کرد.
نزیکەی 152 هەزار قوتابی لە عێراق وازیان لە خوێندن هێناوە. وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەستپێشخەریی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" راگەیاند.
رۆژی 19-09-2024 عەدنان سەراج، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبای پەروردە و خوێندن گوتی، ئامانج لەو دەستپێشخەرییە چارەسەرکردنی وازهێنانە لە خوێندن. پرۆگرامێکی تایبەتی پەروەردەیی ئامادە کراوە، پێش ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکات، بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی پێشتر داعش داگیری کردبوون.