وەزیری خوێندنی باڵا: پێشنیازمان کردووە دەرماڵەی خوێندکاران زیاد بکرێت

 
رووداو - سلێمانی

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ بڕیارێک نییە سێ یەکەمە دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەسەر داهاتی نێوخۆ دابمەزرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ خوێندکارێک دەرماڵەی نافەوتێت و دوای دەرچوونیشی دەتوانێت ئەو دەرماڵەیەی وەری نەگرتووە، وەری بگرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2024 دکتۆر ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ساڵانە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ خانەنشین دەبن و شوێنەکانیان چۆڵ دەبێت. بۆیە پێویستە بە یەکەمەکان شوێنیان پڕبکرێتەوە. لەسەر ئەو بنچینەیەش کاروبارە کارگێڕییەکان بۆ یەکەمەکان بە مەبەستی دامەزراندنیان کراوە."
 
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی، بابەتەکە لەسەر مێزی گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام دامەزراندنیان پێویستی بەوەیە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بودجەیان بۆ تەرخانبکرێت.
 
ئارام محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناوی ئەو کەسانە بۆ بەغدا نەنێردراوە و تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن.
 
هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵای دەرکرد. ئارام محەممەد دەڵێت، لەمەودوا ئەگەر مامۆستایان بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان پێویست بن، بە وانەبێژ وەریان ناگرن، بەڵکو یەکسەر دەکرێنە گرێبەست و هەوڵێکیش هەیە بۆئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستیش بکرێن بە هەمیشەیی.
 
ساڵانە کێشە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران دروست دەبێت و تەنانەت هەندێک خوێندکار دەرماڵەی ساڵانی رابردووی وەرناگرێت. وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، "هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن فەرمانی خەرجکردنی دەرماڵە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەڵام خەرجکردنەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتەکەماندا نییە. ئەو خوێندکارانەی دەرماڵەیان وەرنەگرتووە و خوێندنیان تەواوکردووە، دوای دەرچوونیشیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەو مافەیان نافەوتێت و هەرچەند دەرماڵەیان لای حکومەت بێت پێیان دەدرێت".
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازیان کردووە دەرماڵەی خوێندکارانی نێوشار بکرێتە 100 هەزار دینار و دەرەوەی شاریش بکرێتە 150 هەزار دینار.
 
بەشێک لە خوێندکاران بەبێ مۆڵەت ماستەر و دکتۆرایان خوێندووە و بەشێکیان کێشەی هاوتاکردنی بڕوانامەیان هەیە. وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی پلاندانان، دارایی و خوێندنی باڵا پێکهاتووە و داوا لە هەموو وەزارەتەکان کراوە ناوی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بنێرن کە لە دەرەوە و بەبێ مۆڵەت خوێندوویانە تاوەکو چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، بەڵام لیژنەکە هێشتا دەستی بەکارەکانی نەکردووە.
 
دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەتوانن زانکۆلاین پڕبکەنەوە و لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن. ئارام محەممەد دەڵێت،  ژمارەی ئەو خوێندکارانە هەرچەندبێت، پێشوازییان لێدەکەن.
 
بەشێکی دیکە لە خوێندکاران بە مۆڵەت و رەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، بەڵام بەشێک لەو وڵاتانە دۆخی ئەمنییان باش نییە و خوێندکارەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە. وەزیری خوێندنی باڵا لەو بارەیەوە دەڵێت، هەر کاتێک وڵاتێک بچێتە بازنەی سووری مەترسییەوە، خوێندکارەکان دەهێننەوە و ئەوانەش کە خۆیان و بەبێ مۆڵەتی وەزارت لە دەرەوە دەخوێنن، ئەگەر بزانن مەترسی لەسەر ئەو وڵاتە هەیە کە لێی دەخوێنن، هاوکاریی گەڕاندنەوەیان دەکەن.