لە بوومەلەرزەکەی پارێزگای ورمێ 528 کەس برینداربوون و 50 خانوو رووخاون
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ گەیشتە 528 کەس و 50 خانوو بە تەواوی رووخاون.
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، 528 برینداری بوومەلەرزەی خۆی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە کە 135یان خەوێندراون و ئەوانی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
موجتەبا قەمەری، بەڕێوەبەری فریاکەوتن لە زانکۆی پزیشکیی خۆی دەڵێت، 68 کەس بەهۆی شکانی ئەندامی جەستەیان وەک دەست، پێ و سەر لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
پارێزگاری ورمێ هەروەها دەڵێت، بوومەلەرزەکە 12 گوندی سەر بە شاری خۆی گرتووەتەوە و 500 خانوو زیانیان پێگەیشتووە و 50 خانوو بە تەواوی رووخاون و 450 خانوو بەرێژەی 20 تاوەکو 50٪ زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کاژێر 3:51 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە و ناوەندی بوومەلەرزەکە حەوت کیلۆمەتر لە شاری خۆیەوە دوور بووە لە باکووری پارێزگای ورمێ. گوڕەکەی 5.4 پلەی رێختەر بووە. بەپێی راپۆرتی ئەو ناوەندە، لە کاژێر 4 تاوەکو 7ی بەیانی نزیکەی 20 بوومەلەرزەی بچووک و پاشلەرزە لەو ناوچەیە روویانداوە.