دیموکرات و کۆمەڵە رەتیدەکەنەوە هێزەکانیان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە گەمارۆدرابن
رووداو هەولێر
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک کە دەگوترێت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆدراون و ئابڵووقەیان خراوەتەسەر، بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رەتیدەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە دەگوترێت هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گەمارۆی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان داوە و ئابڵووقەیان خستوونەتەسەر و گوشاریان لێدەکەن بۆ ئەوەی پێشمەرگەکانیان لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بگوێزنەوە.
لەوبارەیەوە رۆژی چوارشەممە، 5-10-2022، کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ پەیامێکی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە سەبارەت بە دوورخستنەوەی هێزەکانمان یان شتێکی لەو شێوەیە؛ هیچ ئابڵووقەیەکی خۆراکیش نەخراونەتە سەر هێزەکانمان و تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە".
بەهرامی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانەی دەنگۆی بەوشێوەیە بڵاودەکەنەوە، دەیانەوێت "کێشە" بۆ ئەوان و هەرێمی کوردستانیش دروستبکەن.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئارام مودەریسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوای هێرشەکانی ئێران بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی خەڵک "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ناڕاست و ئامانجیشی ئەوەیە کە ئەو هاوسۆزی و هاوخەمیی و هاوپشتییەی لەنێوان کوردانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەیە، ناشیرین بکات".
مودەڕیسی گوتی: "دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە گوایە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی هەرێمی کوردستانەوە گوشاریان خراوەتەسەر و ئابڵووقەی خواردن و خۆراکیان خراوەتەسەر، ئەم دەنگۆیانە درۆن و هیچ راستییەکی تێدا نییە".
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ساڵانی رابردوو و هەروەها دوای هێرشەکانی ئەمدواییانەی ئێرانیش، ئەوان جگە لە هاوخەمی و هاوپشتی هیچی دیکەیان لە باشووری کوردستان نەدیوە. گوتیشی: "هاونیشتمانییانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە نە بەفەرمی نە نافەرمی بۆ هیچ هێزێک نەهاتووە".
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیکردە سەر بارەگای پێشمەرگە و کامپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها ماوەی 10 رۆژە ئێران ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات.