دەستەی دەستپاکی: لە شەش مانگدا 650 دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی و چاوەڕێدەکەن دوای هەڵبژاردن رێکارەکانی دروستکردنی دادگاکە دەستپێبکرێت.
 
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆسییەکان لە دادگە بە خێرایی یەکلایی ناکرێنەوە، ئەگەر خێرابن، گۆڕانکارییەکی باش لە دژایەتی گەندەڵی دروستدەکات و پرۆسەی چاکسازیی خێرا دەبێت، بۆیە دەستەی دەستپاکی داوای لە ئەنجوومەنی دادوەریی کرد کە دادگایەکی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی دروستبکات و ئەوانیش رەزامەندییان داوە و بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش چاوەڕێین دوای هەڵبژاردنی عێراق رێکارە کردەییەکان بگیرێنەبەر.
 
بەپێی دوایین راپۆرتى دەستەی دەستپاکی، لە شەش مانگى سەرەتاى ساڵی 2021دا 650 دۆسیە گەندەڵیی لە بوارە جیاوازەکان تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 100 کەیسیان دراونەتە دادگە.
 
د. ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا گەندەڵی بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق دروستکردووە و بڕیاریشە لە کۆتایى ساڵی 2021دا سەرجەم ئەو دۆسیانە ئاشکرا بکرێن کە لەبوارى گەندەڵى لە عێراق تۆمارکراون و هەرێمى کوردستانیش سەرجەم داتا و ئامارەکانی رادەستى دەستەى دەستپاکى عێراق دەکات.