پەرلەمانتارێک بۆ هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان: منداڵەکانتان بۆ زمانی کوردی ناونووس بکەن

05-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی کوردی جەهەپە داوا لە هاونیشتمانیان دەکات منداڵەکانیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی ناونووس بکەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2024، سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی جەهەپە، داوایەکی ئاراستەی هاونیشتمانییانی شارەکە کرد کە منداڵەکانیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی ناونووس بکەن. هاوکات هۆشداری بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و بەرپرسانی پەروەردە دا، بەربەست بۆ خوێندن بە زمانی کوردی دروست نەکەن. 
 
رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2024، لە تورکیا و پارێزگاکانی باکووری کوردستان ناونووسین بۆ وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دەستیپێدەکات، تاوەکو رۆژی 19ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
سەزگین تانریکوڵو رایگەیاند، بە وردی بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکات و هۆشداری بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و بەرپرسانی پەروەردەی ئامەد دا، رێگری لە دایبابی قوتابیان نەکەن لە هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی. 
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە. 
 
سەزگین تانریکوڵو راشیگەیاند، پار ژمارەیەکی زۆر سکاڵایان پێگەیشتووە لە رەفتاری بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەوەی رێگرییان لە دایبابی قوتابیان کردووە زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن. 
 
گوتی: "هۆشداری بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەدەم، رێگری لە باوانی قوتابیان نەکەن لە هەڵبژاردنی وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان. داوا لە هاونیشتمانیان دەکەم، هەر بەڕێوەبەرێک رێگریکرد، دەستبەجێ پەیوەندیمان پێوە بکەن، ناوەکانیان بۆ رای گشتیی بڵاودەکەمەوە و رێکاری یاسایی تووند دەگرمەبەر و بابەتەکە دەگوازمەوە پەرلەمان و دەیکەمە کەیسی رای گشتی."
 
راشیگەیاند، ئەگەر ژمارەی قوتابیانی وانەی بژاردەی کوردی زۆر بێت، دەرفەتمان دەبێت بۆ هەوڵی دامەزراندنی زیاتری مامۆستای زمانی کوردی. 
 
بەگوێرەی ئەو داتایانە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016، کۆی گشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی زمانی کوردیان هەڵبژاردووە، لەوانە 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی کورمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی زازاکییان هەڵبژاردبوو.
 
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 ژمارەی ئەو قوتابییانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە لە خوێندنی وانەی بژاردە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی، 20 هەزار و 265 قوتابیی بوون. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان.

گۆڕانی کوردسات بۆ گۆڕانی گردەکە: کەمینەیەکی تەوریسچین

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لەسەر داواى باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان، رۆژ و شوێنى بەستنى کۆنگرەى بزووتنەوەکەی دیاریکرد. باڵی کوردساتی بزووتنەوەکە دەڵێ: "چەند کەسێک، بەیاننامەیەکیان بەناوی جڤاتی نیشتمانییەوە بڵاوکردووەتەوە، کە کەمینەیەکی تەوریسچین."