عەلی تەتەر: خۆپیشاندانی ئەمڕۆی دهۆک پێش هەموو شتێک هاوسۆزییە بۆ کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە دهۆک لە دژی نەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، هەزاران هاونیشتمانی خۆپێشاندانیان کرد، پارێزگاری دهۆکیش لەنێو خۆپێشاندەرانەوە گوتی "خۆپێشاندانەکە بەر لە هەر شتێک، بۆ هاوسۆزیی کەرکووکە."
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەنێو ئاپۆڕای خۆپێشاندەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆپێشاندانەکە بەر لە هەر شتێک بۆ دەربڕینی هاوسۆزییە بۆ مافە رەواکانی خەڵکی کەرکووک، شەهیدەکانیان، بریندارەکانیان، ستەملێکراوەکانیان. داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین، بە تایبەت مادەی 140. داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران دەکەین."
کاژێر 11:00ـی بەیانی خۆپێشاندانەکە لە دهۆک دەستیپێکرد، حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی، بەشێکی زۆری بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە فەرمانبەر، پێشمەرگە، مامۆستای ئایینی، سەندیکا و رێکخراوە ناحکومییەکانن کە بەرامبەر نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
پارێزگاری دهۆک هەروەها گوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە؛ "هەموو داهاتمان رادەستی بەغدا کرد. ئێستا بۆ مافی کارمەندانی ئەم هەرێمە بخورێت؟ منیش وەکو کارمەندێک، دەنگم دەخەمە پاڵ هەموو کارمەندانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو مافە دەستووری، دارایی، نەتەوەیی و هەرێمیمان بدرێن."
عەلی تەتەر دەشڵێت، "داوا دەکەین ئەو دەستە تێکدەرانەی دەیانەوێت نێوان گەلانی عێراق تێکبدەن، ببڕدرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."