وەزارەتی دارایی: کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە باجدان فێڵی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیای خانووبەری حاجی سەلام فێڵ لە خەڵک و حکومەت دەکات و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی خاوەنی کۆمپانیایەکی بواری کەرتی خانووبەرە لە رادیۆی رووداو گوتی، " فەرمانگەی باج وەک دز سەیرمان دەکات" و هیچ رێز و قەدرێک بۆ خاوەن کارەکان دانانێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی دوو لاپەڕەیی لەسەر ئەو پۆدکاستەی رووداو بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند: "رۆژی یەکشەممە خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی حاجی سەلام لە بەرنامەیەکدا 'زۆر بێ شەرمانە' و دوور لە ئەتەکێتی قسەکردن هێرشی کردە سەر دامودەزگای باج لە هەرێمی کوردستان".
پۆدکاستی بازاڕ، پۆدکاستێکی هەفتانەی تۆڕی میدیایی رووداوە، هەفتانە لە رادیۆی رووداو و وێبسایتی رووداو بڵاودەبێتەوە، لە دوایین ئەڵقەی پۆدکاستی بازاڕدا لەبارەی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان میوانداریی حاجی سەلام خۆشناو، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە شاری هەولێر کرابوو. لە بەرنامەکەدا حاجی سەلام خۆشناو گوتی، "فەرمانگەی باج وەکو دز سەیرمان دەکات".
دوای بڵاوبوونەوەی بەرنامەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری وەڵامی ئەو خاوەن کۆمپانیایەی داوەتەوە و بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتباری دەکات.
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان "لیژنەکانی پشكنین و بەدواداچوونی باجی خانوبەرە لە ساڵی 2022 دوای چاودێری و بەدواداچوونی چڕ بۆیان دەرکەوت کۆمپانیای عەقاراتی حاجی سەلام هەڵساوە بە فێڵ و ساختەکاری لە مافی گشتی، لە کۆی بڕی 260 ملیۆن دیناری باج کە دەبوایە بیدات بە گەنجینەی گشتی تەنها 160 ملیۆن دیناری داوە".
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "کۆمپانیای حاجی سەلام ژمێرەی کۆتایی بۆ ساڵەکانی 2019، 2020، 2021، قازانجی کەمی پێشکێش کردووە تەنها 68 ملیۆن دیناری باجی داوە لەکاتێکدا خاوەنی 34 لقە لەناو شاری هەولێر و چالاکیەکانی لە کۆمپانیا هاوشێوەکانی زیاترە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، کۆمپانیایەکی براکەی حاجی سەلام بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، " کۆمپانیای باغی شەقلاوە کە خاوەندارێتیی دەگەڕێتەوە بۆ برای کۆمپانیای عەقاراتی حاجی سەلام، لە ساڵی رابردوودا 251 ملیۆن دیناری باجی داوە کە چالاکی و لقەکانی لە ئەمیش کەمترە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی مافی گشتی گراوەتەبەر."
وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو کۆمپانیایە لە ژمارەی کارمەندەکانیشی دا فێڵی کردووە، کە ژمارەی ئەو کارمەندانەی پێشکێشی فەرمانگەی باجی کردووە 30 کارمەند بووە، بەڵام لە بەرنامەکەدا خاوەنەکەی دەڵێت 100 کارمەندی هەیە".