هەزاران کەس لە دهۆک لەدژی نەناردنی مووچە و بودجە لە بەغداوە خۆپێشاندانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بۆ هاوسۆزی دەربڕین بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک و ناڕەزایەتی بەرامبەر نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەڕێوەچوو، خۆپێشاندەران داوای جێبەجێکردنی دەستوور و ناردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە لە پارکی نەورۆزی شاری دهۆک خۆپێشاندەران لە قەزای شێخان، سێمێل، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی و زۆربەی شوێنەکانی دیکەوە کۆبوونەوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکە.
کاژێر 11:00ـی بەیانی خۆپێشاندانەکە دەستیپێکرد، حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی، بەشێکی زۆری بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە فەرمانبەر، پێشمەرگە، مامۆستای ئایینی، سەندیکا و رێکخراوە ناحکومییەکانن کە بەرامبەر نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
مامۆستایانی ئایینی یەکێک لەو توێژانە بوون لە ناڕەزایەتییەکەدا بەشدارییان کرد. مەلا جیهاد دۆسکی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە خۆپێشاندانەکەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت "ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات بە بڕینی قووت و مووچەی خەڵک، ستەمێکی گەورەیە و بەشداریکردنمان لەو ناڕەزایەتییە پەیامێکە و دەمانەوێت بگاتە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئەوەی دەست لەو ستەمە هەڵبگرن."
ئەو مامۆستا ئایینییە پێیوایە بەشداریکردنیان لەو خۆپێشاندانە ئەرکێکی شەرعی و نەتەوەییە و دەڵێت؛ "هەرێمی کوردستان پابەندی هەموو رێکارەکان لەگەڵ بەغدا بووە، بەڵام ئامانجی ئەوان ئەوەیە کوردستان سەقامگیر نەبێت و چاویان پێی هەڵنایەت و ئامانجیان دژایەتیکردنی میللەتی کوردە، ئەمڕۆ پەیامێکی ئاشتییانەیان پێدەگەیێنین و دەڵێن بەسە ئەو رەفتارە رابگرن."
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بە رووداوی راگەیاند "ئەو خۆپێشاندانە بەر لە هەموو شتێک بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتییە لە مافە رەواکانی کورد لە کەرکووک و هاوسۆزییە بۆ شەهید و بریندار و ستەملێکراوەکانی ئەو شارە."
رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوول، وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە، خۆپێشاندانێک کرا. دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی کوردی کەرکووک شەهیدبوون و چەند کەسی دیکەش برینداربوون.
عەلی تەتەر لەبارەی ئامانجی خۆپێشاندانەکەوە گوتی؛ "داوامان جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ کردووە و سەرجەم داهاتەکانمان رادەستی بەغدا کردووە، ئەی بە چ بۆنەیەک مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادرێت؟"
رۆژی دووشەممە 4ـی ئەیلوول، گوتەبێژی حکومەت و ئەندامانی شاندنی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکانی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و تیایدا راگەیەنرا؛ "بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت."
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستاندنی لە 30ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو دوایین سەردان لە 30 ئاب، هەوڵەکانی بەردەوام بوون تاوەکو حکومەتی عێراق پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی. دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری بۆ مووچە داوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، پێویستی بە 940 ملیار دینارە."
لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆکدا، بەیاننامەیەک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بە ناوی نوێنەرانی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک خوێندرایەوە و رادەستی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە دهۆک کرا کە ئەوانیش بانگهێشتی خۆپێشاندانەکە کرابوون و داوایان کرد، حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و رێز لە دەستووری عێراق بگیرێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا چەند داواکارییەک پێشکێش بە حکومەت عێراق کرا و داوایان کرد؛ "ئەو سیاسەتە هەڵانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر، رابگیرێن. رێزگرتن و جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی دەستوور، بەتایبەتی مادەی 140. پابەندبوون بە رێککەوتنە واژۆکراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. پابەندبوون بە یاسای بودجە، بە جۆرێک کە گەرەنتی مووچەی کارمەندان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا داوای سزادانی ئەو کەس و لایەنانە کرا کە دەستیان لە کوژران و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوول لە کەرکووک هەبوو، ئەوەش دووپاتکرایەوە؛ "جەخت لە سزادانی هەر کەسێک دەکەینەوە، کە بووە هۆی تێکدانی پێکەوەژیان لە دڵی کوردستان، لە شاری کەرکووک و شەهیدبوون و برینداربوونی هاووڵاتییان لە شارەکە."