بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر چوار گەریلای پەکەکە لە سنووری خەلیفان؛ کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
شەوی دووشەممە، بە درۆن چوار گەریلای پەکەکە لە دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری ناحیەی خەلیفان کرانە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو گەریلا کوژراون و دووانی دیکەش بریندارن.
سەرەتای رووداوەکە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، چوار مووشەک ئاراستەی دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری خەلیفان کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە لەکوێوە ئاراستەکراون. دواتر روونبووەوە کە بە درۆن هێرشەکە کراوە.
شایەتحاڵێک لە گوندەکە کە ڤیدیۆی ساتی بۆردوومانەکەی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی ناردووە ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکەکان دەنگێکی زۆریان هەبوو و خەڵکەکە هەستیان بە ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.
هاوکات مەغدید ئەحمەد، قایمقامی سۆران بە رووداوی گوت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی رووداوەکەی سنووری خەلیفان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کاژێر 20:10 خولەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە دۆڵی بالیسان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، "مەفرەزە چەکدارەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە دەربازبوون و لە دۆڵی بالیسان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج."
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، "مەفرەزە چەکدارەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە دەربازبوون و لە دۆڵی بالیسان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج."
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، هێزێکی زۆر گەیشتوونەتە ناوچەکە و سەرەتا دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترا، پاشان هێزەکە گەڕانەوە.