هەڵبژاردنی نەقیبی سەندیکای پارێزەران دواخرا

05-09-2013
هەڵبژاردنی نەقیبی سەندیکای پارێزان دواخرا
هەڵبژاردنی نەقیبی سەندیکای پارێزان دواخرا
A+ A-
 
بڕیاربوو پێنجی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ نەقیب و ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ 10/مانگی داهاتوو دواخرا.

لەمبارەیەوە عەلی گردەسۆری، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەرانی کوردستان، دەڵێت" بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوەی بەیەك لیست دابەزن و لەبەر ئەوەی یەكێتی داوای نەقیبی دەكرد و پارتیش رازی نەبوو، هەڵبژاردنی نەقیب و ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران دواخرا، جگە لەوەش پارتی و یەكێتی نەیانویست بەلیستی جیا دابەزن، چونكە پێیان وایە ئەگەر رێژەیەكی كەم بێنن،كاریگەری لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت".

گوتیشی" ئەو دواخستنە نایاساییە، چونكە تەنها كۆنگرە دەسەڵاتی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەی هەیە نەك پارتی و یەكێتی".

بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 5 مانگ بۆ هەڵبژاردنی نەقیب و ئەنجومەنی سەندیكا لە كۆنگرەی پێنجەمی ئەو سەندیكایە درا، كە 25 مانگی رابردوو لە هەولێر بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكا، تەنیا كۆنگرەش بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەكەی هەیە، بەڵام لیژنەی سەرپەرشتی كۆنگرە بڕیارەكەی دەركردوە.

هەروەها وریا سەعدی، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت رایدەگەیەنێ ئەوان پێیان خۆشبووە هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆی ئەنجام بدرێت، "چونكە ئامادەكاریەكان كرابوون و پارێزەرانیش خۆیان ئامادە كردبوو، بەڵام دواخرا و دواخستنەكەش لەدەسەڵاتی ئێمە نییە".

بەختیار سەعید، كاندیدی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، كە داوای پێداچونەوەكە دەكات گوتی" لەبەر ئەوەی دواخستنەكە نایاساییە، داوامان لەدادگا كردووە پێداچونەوە بە بڕیارەكە بكات، لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە دەڵێن بە گەڕانەوە بۆ 2/3 (دوو لەسەر سێی) ئەندامانی كۆنگرە، ئەو بڕیارە دراوە، بەڵام ئەوە راست نییە و ئەندامانی كۆنگرە ئاگایان لە بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی نەقیب و ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران نییە".

سەندیكای پارێزەران 25 ی مانگی رابردوو پێنجەمین كۆنگرەی خۆی گرێدا، پارتی 52 و یەكێتی 33 ئەندامیان لە كۆنگرەكە هەیە، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و بێ‌ لایەنەكانیش  خاوەنی 23 کورسی كۆنگرەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە