تیروپشک بۆ بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سبەی شاندێک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەردانی هەولێر دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 05-08-2024 بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی رێکارەکان لە لقەکانی کۆمیسیۆن تەواو کراون و ناوەکان لە بەغدان بۆ ناردنیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ ناوی بەربژێرەکانی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتوونەتە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان.
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی، رۆژی دووشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە بەربژێران، لیست و هاوپەیمانییەکان دەکرێت.
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دووشەممەی رابردوو بە رووداوی گوت، لەگەڵ گەیشتنی لیستەکان، بە نزیکەی 4 رۆژ سەرجەم کارەکان تەواو دەکەن.
 
بەگوێرەی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
 
- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزای زیندانیکردنی نەبێت.
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزای زیندانیکردنی نەبێت.
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
 
کۆمیسیۆن لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی لەو دوو حکومەتە دەنێرێت و پێویستە لە 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستی پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.