پەکەکە و تورکیا ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

05-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەپەگە دەڵێت، مانگی رابردوو 56 سەربازی تورکیایان لە هەرێمی کوردستان کوشتووە و 11 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئاماژە بەوە دەکات، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 588 گەریلا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە. 
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکە، گەریلاکانی پەکەکە لە مانگی تەممووزدا 205 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 56 سەرباز کوژراون کە دووانیان ئەفسەری پلە بەرز بوون. 
 
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، مانگی رابردوو 46 سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە گەریلاوە هەیە، هەپەگە دەڵێت، لە مانگی تەممووزدا 11 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەپەگە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەو مانگەدا دەڵێت، 520 جار بۆردوومان و تۆپبارانیان کردووە. 
 
رۆژی 1ـی ئابی 2024یش لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا 46 گەریلا و لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵیشدا 588 گەریلا لە خاکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ. قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 28ـی ئایاری 2019 بەناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ 1و2و3 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
 
رۆژی 16ـی حوزەیرانی 2020 ئۆپەراسیۆنی چنگ-پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری ئیدارەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک دەستی پێکرد. 
 
لە 11ـی تەممووزی 2021 ئۆپەراسیۆنی چنگ-هەورە برووسکە لە ناوچەکانی خواکوڕک، ئاڤاشین و باسییان دەستی پێکرد و ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵیش لە رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.