ئەمڕۆ هونەرمەند بڵند ئیبراهیم ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە


رووداو- هەولێر

دوای زیاتر لە 5 ساڵان، بڵند ئیبراهیم بریارە ئەمڕۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوبکاتەوە.

ئەم ئەلبوومەی هونەرمەند بڵند ئیبراهیم لە ستۆدیۆی تۆن لە شاری دهۆک تۆمارکراوە، کە بەپلانێکی ورد تێکست و ملیۆدی گۆرانییەکانی ئەم ئەلبوومە هەڵبژێردراوە، بۆ ئەوەی رەسەنایەتی و مۆڕکی کوردی بپارێزێت.

لەمبارەیەوە هونەرمەند بڵند ئیبراهیم بەرووداوی راگەیاند" من هەوڵمداوە وەکو هونەرمەندانی پێشوو، لە دوو سەد ساڵی لەمەوبەر هونەرمەندان و فۆلکلۆری کوردی چۆن بووە، بەمشێوەیە دووبارە گۆرانییەکان بڵێمەوە، بۆ ئەوەی رەسەنایەتی خۆی لە دەست نەدات".

 

 بۆ ئەم بەرهەمە کۆمەڵێک لە ژەنیاری ناوداری کورد کاریان کردووە، محەممەد بلکو، یەکێکە لەو ژەنیارانەی لەسەرەتای کارەکانی بڵند ئیبراهیم ئامادەبووە، ئەو دەڵێت" هونەرمەند بڵند حەز دەکات، کە پێشتر چۆن بە کۆمەڵ کاری هونەری کراوەو یەکێک گۆرانی دەڵێت و ئەوەی دیکە چەپڵە لێ دەدات و شایی دەکات ئەو رۆحییەتەی دەوێت لە کارەکانی رەنگبداتەوە، بۆ ئەوەی تام و چێژی گۆرانییە کۆنەکان بدات".

محەممەد زەکی، کە ژەنیاری ئامێری کەمانە لەمبارەییەوە بەرووداوی راگەیاند" هونەرمەند بڵند هەر لەسەرەتای کارەکانییەوە بەدوای داهێنان و نوێگەریدا گەڕاوە، ئەلبوومەکانی جیاوازی زۆری تێیدا بدەی دەکرێت، ئەلبوومی ئەمجارەی زۆر جوان و سەرەنجراکێشە و زۆر باش کاری لەسەر کردووە، چونکە ئەو دەزانێت هەوادارەکانی چییان دەوێت".

ئەمڕۆ 6-8-2019 لە شاری دهۆک ئەلبوومە نوێیەکەی هونەرمەند بڵند ئیبراهیم بەشێوەی سیدی و ئۆنلاین بڵاودەکرێتەوە.