هەزار و 100 بارهەڵگر بە گەنمەوە لە سایلۆی مەخموور لە نۆرەدان؛ 'تێناگەین بۆ وامان لێدەکەن'

 
رووداو - مەخموور

تاوەکو چاو بڕکات لەنێوان دیبەگە و سایلۆی مەخمووردا لۆری بە گەنمەوە نۆرەیان گرتووە، بەجۆرێک ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە کاژێرێکدا 80 کیلۆمەتر ببڕێت، بە نیو کاژێر لێیان دەرباز نابێت. جووتیارێک دەڵێت، 26 رۆژە لە نۆرەدایە و دەبێت بۆ هەموو شەوێکیش 100 هەزار دینار بداتە بارهەڵگرەکە.
 
هەزار و 100 بارهەڵگر لە نۆرەدان، کۆتاییەکەی لە دیبەگە و سەرەتاکەی لە سایلۆی مەخموورە. مەحموود سەعید، شۆفێر دەڵێت، "ئێمەش تێناگەین بۆ وامان لێدەکەن و هەرچەند دەپاڕێینەوە کێشەکەمان چارەسەر ناکەن."
 
شۆفێرێکی دیکە بەناوی سیروان فارس گوتی، "تاوەکو ئێستا لە نۆرەداین، نازانین مەسیر و نەتیجەمان بە چی دەگات، گەنمەکان بدەینەوە جووتیاران یان چاوەڕێ بکەن." چۆلی محەممەدی شۆفێریش دەڵێت، "زیاتر لە 400 تۆن گەنمم پێبووە، 90 تۆنمان رادەست کردووە و ئێستا دەڵێن لە سایلۆ شوێنمان نەماوە."
 
تا گەنمەکە لەسەر پشتی لۆرییەکان بێت، باجەکەی بۆسەر جووتیارانە. سلێمان حەمد، جووتیارێکی کەندێناوە و بڕی 111 تۆن گەنمی هەیە، 26 رۆژە لە نۆرەدایە.
 
ئەو جووتیارە بە رووداوی گوتم، "ئەمڕۆ دەبێتە 26 رۆژ گەنمەکەم لە نۆرەدایە، لێکی بدەرەوە، دەکاتە چەند کە شەوانە 100 هەزار دینار دەبێت بدەمە شۆفێر. وەڵڵا پارەم قەرز کردووە بۆ کرێی لۆری و پارەی شەوانە."
 
سایلۆی مەخموور 205 هەزار تۆن گەنم دەگرێت، بە جووتیاران گوتراوە شوێنیان نەماوە و ئەو بڕەیان وەرگرتووە.
 
عوسمان علیاوەیی، جووتیار دەڵێت، "ئەوانەی لە نۆرەدان نووسراوی کشتوکاڵی گوێڕ و دیبەگەیان پێبێت دەتوانن بچنە سایلۆی تەلەعفەر بۆ ئەوەی گەنمەکەیان لێوەربگیرێت."
 
عەبدولخالق ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵە - لقی موسڵ ئاماژە بەوە دەکات، "بەنیازین رەزامەندیی ئۆپڤاسیۆنەکانی هاوبەش وەردەگرین بۆ چوونی بارهەڵگرەکان بەرەو سایلۆی تەلەعفەر، کە یەکێکە لە سایلۆکانی سنووری نەینەوا و توانای کۆگاکردنی 50 هەزار تۆن گەنمی هەیە."
 
بۆ رووبەری هەر دۆنمێک لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی عێراق یەک تۆن و 600 کیلۆ گەنم دانراوە سایلۆکان وەریبگرن، بەڵام بۆ جووتیارانی کوردستان و بۆ هەمان رووبەر 300 کیلۆگرام دانراوە؛ جیاوازییەکە هۆکاری ئەوەیە جووتیارانی کوردستان پەنا ببەنە بەر سایلۆکانی سنووری دەسەڵاتی حکومەتی عێراق.