تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی #بەفیڕۆی_مەدە رادەگەیێنێت

تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی چوارشەممە 6ی تەممووزی 2022 رۆژێک بۆ هۆشیاری بەفیڕۆنەدانی ئاو رادەگەیێنێت. رووداو رۆژی چوارشەممە لە کاژێر 7ی بەیانی تاوەکو 1ی بەرەبەیانی رۆژی دواتر بەردەوام بڕگە و هەواڵی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری پاراستنی سامانی ئاوی بە #بەفیڕۆی_مەدە بڵاودەکاتەوە. 
 
هوشیاری کۆمەڵگە و کارکردنی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ پاراستنی ژینگە، دروست بەکارهێنانی ئاو و بەفیڕۆنەدانی، ئەمڕۆ بووەتە پێویستییەکی زۆر گرنگ. تۆڕی میدیایی رووداو دەیەوێت لەگەڵ بینەر، بیسەر و خوێنەرانیدا بەشداربێت لەو هەڵمەتەی کە دڵسۆزانی ژینگە و سامانی ئاو لە جیهاندا بەرپایانکردووە. نمە نەبەز، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەو کارەی رووداو رایگەیاند " رووداو بەهێزی هەموو پلاتفۆرمەکانی و هەموو ئەستێرە خۆشەویستەکانییەوە دەیەوێت دوورنەبێت لەو هەڵمەتە جیهانییەی هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و سامانی ئاو"، هەروەها روونیکردەوە " ئەمڕۆ ئاو کەمبووە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، هەروەها گەیاندنی خۆراکیش بووەتە کێشەیەکی گەورە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا. ئێمە دەمانەوێت هەموو کەسێک، هەموو ماڵێک و هەموو شوێنێکی بازرگانی و هەموو کارگەیەک لە کوردستان ببێتە بەشێک لەو کەمپینە جیهانییە  و رۆژێک لە کوردستان و ناوچەکەدا ببینە بەشێک تێیدا، ئەویش بە راگرتنی بەفیرۆدانی ئاو و زیاد بەکارنەهێنانی، بۆیە دواتان لێدەکەین و دەڵێین #بەفیڕۆی_مەدە".
 
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، زیاتر لە دوو ملیار کەس لە جیهان دا لەو ناوچانەدا دەژین کە کەوتوونەتە ژێر گوشاری کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، ئەو ژمارەیەش بەهۆی گۆڕانە بەردەوامەکانی کەشوهەواوە بەرزتر دەبێت. عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو چەقی گۆڕانەکانی کەشوهەوادان. بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، تاوەکو ساڵی 2040، عێراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە ''دەبێتە وڵاتی بێ رووبار". لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەردوو رووباری دیجلە و فورات، بەڕێژەی %30 تاوەکو %40 ئاویان کەمبووە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025 ئەو رێژەیە بگاتە %60. 
 
بەپێی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی بەڕێژەیەکی زۆر کەمیکردووە؛ راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە دەڵێت ''لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی 500 مەتر کەمیکردووە". لەساڵی 2003 هەڵکەندنی بیر تەنیا پێویستی بە 200 مەتر هەبوو، بەڵام لە 2022 بۆ هەڵکەندنی بیرێک دەبێ 700 مەتر هەڵبکەندرێت.
 
وێنەکانی ساتەلایت لە عێراق رێژەی کاریگەریی وشکەساڵی و بەبیابانبوون دەردەخەن. ئەو وێنانەی ئاژانسی وێنەگرتنی کێرماپی فەڕەنسی لەنێوان ساڵانی 2020 و 2022دا وەریگرتوون، پیشانیدەدەن کشتوکاڵ و ئاودێری لە تەواوی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەنێوان ئەو دووساڵەدا بەڕێژەی %50 کەم بووە، بەهۆی کەم بارانی و وشکەساڵییەوە کە جووتیارانی ناچارکردووە دەست لە چاندنی زەوەییەکانیان هەڵبگرن. 
 
پێویستە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابانبوون کاری یەکەمی هەمووان بێت. ئامانجی تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیاندنی رۆژی #بەفیڕۆی_مەدە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتییە بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو لە هەموو کەرتە جیاوازەکان دا، هەروەها دەرخستنی مەترسییەکانی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر نەوەی ئێستا و داهاتووە. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو
6ی تەممووزی 2022