رۆژی چوارشەممە تیروپشک بۆ ژمارەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی عێراق دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

7ـی ئەم مانگە ژمارەی دەنگدان دەدرێ بەو کاندیدانەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان بەربژێرن. کورد کار لەسەر ئەوە دەکات بەر لە هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەرێتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەربژێرەکان بپارێزن و چاویان لە بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت. 
 
کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە". سێ هەزار و 523 بەربژێر هەن ، لە 83 بازنەدا دەنگیان پێ دەدرێ.
 
ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی تیروپشک بۆ وەرگرتنی ژمارەی بەربژێران، کۆتاییهات، وا بڕیارە 7 ی مانگ، کاژێر 10ی سەرلەبەیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆسەی پێدانی ژمارە بە بەربژێران بەڕێوەبچێت.
 
فەرهاد ئەسعەد، بەرپرسی هۆبەی حیزبە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێر – کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرامبەر نیگەرانیی حیزبە کوردستانییەکان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 دەڵێت، "کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات، چاودێریی ناوخۆیی و بیانی لەو شوێنانە زیاتر دەبێت."
 
جومانە غولای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "کورد دەیەوێت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەرکی پاراستنی بەربژێرانی کورد و بانگەشەیەکی ئازاد لەو ناوچانەی پێ بسپێردرێت."
 
لە عێراق 24  ملیۆن و 29  هەزار و 927  کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و 523  بەربژێر لە رێگەی 83 بازنەی هەڵبژاردنەوە کێبڕکێی بەدەستهێنانی 239 کورسی پەرلەمان دەکەن.