لە رۆژئاوای کوردستان خوێندن لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ دەکرێتە زمانی کوردی

 
رووداو - قامشلۆ

لە ساڵی داهاتوو خوێندنی بەکەلۆریا یاخود 12ی بنەڕەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بە زمانی کوردی دەبێت، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوودا منداڵانی رۆژئاوای کوردستان لە پۆلی یەک تاوەکو 12 بە زمانی کوردی بخوێنن.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی سووریا دان بە خوێندنی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستاندا نانێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سێ کۆلێژی کردووەتەوە، لە هەموویان گەورەتر کۆلێژێکە لە هەرێمی جزیرە، کە ئەمساڵ دووەم دەستەی قوتابیان لێی دەرچوون، تاوەکو ئێستا ئەو زانکۆیەی جزیرە ئەو قوتابیانەی وەردەگرت کە بڕوانامەی پۆلی 12یان لەلایەن حکومەتی سووریاوە پێدرابوو، بەڵام ئێستا قوتابیانی پۆلی 12 بەشێوەی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەن.
 
زانکۆی رۆژئاوا لە حەوت کۆلێژ پێکدێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دانپێدانانێکی لە هیچ لایەنێکەوە نییە.
 
زانکۆی سەرەکیی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆیە، بەڵام لقی لە رومێلان و حەسەکەش هەیە، کۆلێژەکانی بریتین لە: ئەندازیاریی کشتوکاڵ، هونەرە جوانەکان، ئەدەبیاتی کوردی، ژنناسی، ئەندازیاریی نەوت، ئەندازیاریی پترۆکیمیایی، پەروەردە. هەروەها حەوت بەشیش لەخۆدەگرێت: مێژوو، جوگرافیا، مامۆستای پۆل، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، سروشتزانی، هەروەها بەشێکی تازەش بۆ ئەمساڵ کراوەتەوە، کە پەیمانگەی دارایی و کارگێڕییە.
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەرێمی جزیرە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئاستێکی بەرز لە پەیوەندییان لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی جیهان.
 
خوێندن بە زمانی کوردی داوای خەڵک بوو لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بە مەرجی جیاواز، ئێستا دەرفەتی خوێندن بە کۆرس و رێبازی حکومەتی سووری تەنیا لە چەند قوتابخانەیەکی قامشلۆ و حەسەکە ماوە کە ژمارەیان لە 50 قوتابخانە زیاتر نییە، پێشتریش ژمارەی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی حکومەتی سووریا زۆر بووە، بەڵام ئێستا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.