یەکێتیی وەبەرهێنەران: کڕیاری عەرەب بۆ بازاڕی خانووبەرە 80% تاوەکو 90% کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەرەبەوە لە هەرێمی کوردستان "کڕیاری عەرەب بۆ بازاڕی خانووبەرە 80% - 90% کەمیکردووە". ئەحمەد رێکانی داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێت بۆئەوەی هەرێمی کوردستان "کڕیاری عەرەب لەدەستنەدات و ئاسانکاری بکرێت بۆیان."
 
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، "ئێستا شارەکانی عێراق ئارامبوونەتەوە، هەڵمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، هەروەها عێراق قەرزێکی زۆر دەداتە هاووڵاتییانی بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون؛ بۆیە هاووڵاتییانی عێراق دەگەڕێنەوە شارەکانیان و هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن."
 
پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە هاووڵاتییانی عەرەب لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهاتن و بە کۆ یەکەی نیشتەجێبوونیان دەکڕی و بازرگانییان پێوە دەکردن، ئێستا ئەوە نەماوە؛ هاووڵاتییانی عەرەب بە هۆکاری جیا دەگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەگەڵ 36 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقە، کە سەر بە کۆمپانیای عەقاراتی باخی شەقڵاوەن، کردوویەتی؛ ئێستا بازرگانیی "کۆ" بە شوقە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بازرگانانی عەرەبەوە "گەیشتووەتە سفر."
 
ئەحمەد رێکانی دەڵێت، "گەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەرەب بازاڕی خانووبەرەی لە هەرێمی کوردستان سست کردووە." پێشنیازیش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە عێراق بکات، هاوشێوەی شارەکانی عێراق، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە سوودمەند ببن کە دەدرێت، چونکە "ئەوە راستەوخۆ کەرتی خانووبەرە دەبووژێنێتەوە و هاونیشتمانییانیش بە ئاسانی دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە دەستەی وەبەرهێنان بە رووداو دراون، لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006ـەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلا بوون.
 
زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر دروستکراون کە زیاتر لە 111 هەزارن؛ هەروەها لە سلێمانی زیاتر لە 53 هەزار؛ لە دهۆک زیاتر لە 26 هەزار، لە هەڵەبجە 336 یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 9 هەزار یەکە؛ ئیدارەی سۆران زیاتر لە هەزار یەکە، ئیدارەی زاخۆ زیاتر لە 7 هەزار و لە ئیدارەی راپەڕینیش زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون.
 
هەر لەو ماوەیەدا زۆرترین ڤێلا لە هەولێر دروستکراون کە 10 هەزار و 751 ڤێلان؛ لە سلێمانی سێ هەزار و 599 ڤێلا و لە دهۆک 595 ڤێلا دروستکراون؛ لە هەڵەبجەش هیچ ڤێلایەک دروستنەکراوە.
 
ساڵانی رابردوو زۆرترین کڕیاری کەرتی خانووبەرە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، عەرەب بوون. بۆ پارێزگاریکردن لە کڕیاری عەرەب، سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەران پێیوایە "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ هاتنی هاووڵاتییانی عەرەب لە پارێزگەکانی دیکەی عێراق بکات؛ هەروەها دەبێت سیستمی نشینگە بۆ هاووڵاتییانی عێراق بگۆڕدرێت و ناوێکی دیکەی هاوشێوەی کارتی ئاسایشی لێ بندرێت بۆئەوەی هاووڵاتیی عەرەب کە دێت، وا هەست نەکات لە شوێنێکی بیانییە."
 
ئەحمەد رێکانی دەڵێت، "لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی حکومەتیش کۆبووینەوە و ئەو داوایەمان کرد؛ داوامانکرد ئاسانکارییان بۆ بکرێت؛ هەروەها ئەو رۆتینەی لە بەناوکردنی یەکەکان هەبوو، داوامانکردووە نەمێنێت تا زیاتر هاووڵاتیان روو بکەنە هەرێمی کوردستان."
 
لەگەڵ سستبوونی بازاڕی خانووبەرە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان روودەکەنە شارەکانی عێراق. سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەران دەڵێت: "50٪ـی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ئێستا لە دەستی وەبەرهێنەرە کوردەکانن"؛ جەختیش دەکاتەوە "وەبەرهێنەرانی کورد لە عێراق و دەرەوەی عێراقیش کاردەکەن، خاوەن توانا و ئەزموونێکی گەورەن، ئەوە کارێکی باشە و دەبێت حکومەت زیاتر هاوکاری وەبەرهێنی نێوخۆیی بکات تاوەکو سەرمایە و قازانجی پڕۆژەکانی دەرەوە بهێننەوە کوردستان". بەڵام داواشدەکات "ئاسانکاری بکرێت بۆئەوەی وەبەرهێنی نێوخۆیی بە یەکجاری کوردستان جێنەهێڵن."