گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەندامانی دەم پارتی و پۆلیسی جۆلەمێرگ روویدا

05-06-2024
هێمن عەساف
دیمەنی ئاڵۆزی نێوان پەرلەمانتارانی دەم پارتی و هێزە ئەمنییەکان لە جۆلەمێرگ
دیمەنی ئاڵۆزی نێوان پەرلەمانتارانی دەم پارتی و هێزە ئەمنییەکان لە جۆلەمێرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ناڕەزاییەکان لە دژی سزادانی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و دانانی قەییوم لە شوێنەکەی بەردەوامن، ئەمڕۆش لە جۆلەمێرگ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەندامانی دەم پارتی و پۆلیس روویدا.
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 پرۆسەی دادگاییکردنی محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەستیپێکرد، کە رۆژی (3ی حوزەیران) بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ  لە شوێنی دانرا. 
 
پرۆسەکە لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو. دادگە سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. دوای بڕیاری دانانی قەییوم و سزادانی ئاکش؛ لە جۆلەمێرگ و 10 پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا.
 
دەم پارتی داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانی لە دیموکراسی دەکەن، هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو هەڵمەتە نیشان بدەن. بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ لەیلا زانا خانمە سیاسەتڤانی دیاری کورد؛ ئۆنور دوشونمەز، سری ساکیک، پەروین بوڵدان و سەعید دەدە، و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەبەردەم بارەگای لقی رێکخستنەکانی جۆلەمێرگی دەم پارتی کۆبوونەوە. 
 
سری ساکیک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیستمی فاشیزم دیسان ستەم لە گەلی کورد دەکات. ئێمەی نوێنەرانی گەل و بەرپرسانی حیزبی هاتووین هەڵوێست دەربڕین، کەچی هێزە ئەمنییەکان رێگەمان پێنادەن و چەند جارێک بەریەککەوتن روویداوە و چەند ئەندامێکمان بریندار بوون." 
 
لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە ئۆنور دوشونمەز و سەعید دەدە، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، لەگەڵ بەرپرسی ئەو هێزە ئەمنییەی کە لە ئاسایش، پۆلیس و جەندرمە پێکهاتوون گفتوگۆیان کرد بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت گردبوونەوەکەیان بکەن و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بکەن و راگەیێندراوی فەرمیی پارتەکەیان بخوێندرێتەوە. بەڵام بەرپرسی هێزە ئەمنییەکە بە پاساوی راگەیاندنی قەدەخەی چالاکی، رێگەیان نەدا.
 
ئۆنور دوشونمەز، پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی دەم پارتی، بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، سێ رۆژە دانوستاندن دەکەن بۆ ئەوەی چالاکیی مەدەنیی لە دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان پێنادەن و تەنانەت گفتوگۆش رەتدەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.