بەرگریی شارستانیی دهۆک: ئەم ساڵ 791 ئاگر کەوتوونەتەوە و چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 791 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە تۆمارکراون.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەنێو شاری دهۆک و سنووری پارێزگاکە 361 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون کە زیانی مادییان هەبووە؛ هەروەها 430 رووداوی سووتانی پوشوپەڵاش تۆمار کراون.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، بەهۆی ئاگرەکانی ئەم ساڵەوە چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
 
بێوار عەبدولعەزیز باسی لە رووداوەکانی خنکانیش کرد و گوتی، ئەم ساڵ شەش هاووڵاتی لە ئاودا خنکاون کە چواریان لە لافاودا بوون؛ گوتیشی، ئەم ساڵ لە رووداوە جیاکاندا 285 کەسیان رزگار کردوون کە 280 یان لە مەترسی لافاو بووە.
 
بێوار عەبدولعەزیز باسی لە زیانە مادییەکانی لافاوی ئەم ساڵ کرد و گوتی، هەزار و 761 شوێن و 205 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
01ـی مانگی چواری ئەم ساڵ ئاگر لە بازاڕی چەلێی دهۆک کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی، لەو رووداوەدا 137 دووکان بە تەواوی سووتان و 93 دووکانیش بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوت.
 
بێوار عەبدولعەزیز باسی لەوەشکرد، ئەم ساڵ 86 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو سووتاوە؛ گوتیشی، 24 تیمیان لەو شوێنانە جێگیرکردوون کە زەوی بە گەنم چێندراویان تێدایە و دوورن لە بنکەکانی بەرگری شارستانییەوە.
 
03ـی ئەم مانگە شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 407 ئاگر لە سنوورەکە کەوتوونەتەوە، بەهۆیانەوە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 کەسیش بریندار بوون.
 
بە گوتەی شاخەوان سەعید، لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا 5 کەس لە رووبار و چەمەکانی سنوورەکەدا خنکاون و تیمەکانیشیان 23 کەسیان لە خنکان رزگار کردووە.