تۆمەتبارێك بە تۆمەتی كوشتنی دوو كەس دەستگیر كرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە قوشتەپە، کەسێکیان دەستگیر کردووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارەکە لە دادگەی لێكۆڵینەوەی قوشتەپەوە داوا كراوە و دوای رێکارەکان دەنێردرێتەوە بۆ ئەوێ."
دەگوترێت دوای بریندارکردنی دوو کەسەکە، ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ دەستگیر کراوە، چووە لەنێو ئەمبوڵانسدا هەردوو کەسی بە برینداری کوشتووە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، "ئەوە نازانین؛ ئەوەی بە ئێمە گوتراوە تۆمەتباری کوشتنی دوو کەسە."
تۆمەتبارەکە لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئاخجەلەرەوە دەستگیر کراوە و ئەو مادەیەی پێی تۆمەتبارە، مادەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقییە.
پۆلیس ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بە (هـ. ع. م - لەدایكبووی 1991) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دوای رێکارە یاساییەكان رەوانەی قوشتەپە دەکرێتەوە.