لە سلێمانی نۆ کەس بە شەڕە چەقۆ و دەمانچە برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دوو گرووپدا نۆ کەس برینداربوون و 18 کەسیان دەستگیرکردووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو گرووپ کە هەر گرووپە و خزم و کەسی یەکدی بوون، لەنێو شاری سلێمانی بووە بە شەڕیان و نۆ کەس لە هەردوولا برینداربوون.
بریندارەکان، وەک سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، "شوێنی چەقۆ و گولـلەی دەمانچە بە جەستەیانەوەیە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
لەبارەی رێکارەکانیان بەرامبەر تۆمەتبارەکان، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و 18 کەسیان لە هەردوولا دەستگیرکردووە.
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، شەڕکەرەکان "قەرەجن" و ماوەیەکە چوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون، کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و شەڕەکەش پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنیانەوە هەبووە.