چێشتخانەکانی دهۆک ناچار دەکرێن جۆری گۆشتەکەیان بنووسن
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامییەتی دهۆک لە رێگەی لیژنەکانییەوە، چێشتخانە و رێستۆرانەتەکانی دهۆک ناچار دەکات، بە تابلۆیەک جۆری ئەو گۆشتە بنووسن کە بەکاری دەهێنن، ئایا خۆماڵییە، یان هاوردەکراوە.
میللەت زیکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامییەتی دهۆک ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5ـی ئایار) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەواوی ئەوانەی خواردن دروست دەکەن و گۆشت بەکاردەهێنن، دەبێت بەو کەسە بڵێن سەردانیان دەکات، کە گۆشتەکەیان چ جۆرێکە و بەرچاوڕوونییان پێبدەن.''
بەشێک لە چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان گۆشتی بەستوو بەکاردەهێنن و بەناوی گۆشتی خۆماڵی بە میوانەکانیان دەیفرۆشن. سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی دهۆک گوتی "هەرکەسێک فێڵ و درۆ بکات لە گۆشتەکەیدا، بە دڵنیاییەوە لە رێگەی لیژنەی تەندروستییەوە ئاشکرا دەکرێت و رووبەڕووی سزا و لێپێچێنەوە دەکرێتەوە."
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان 524 چێشتخانە و رێستۆرانت و 657 کافتریا هەن.