دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: مانگی رابردوو 850 خێزان لە کەرکووک قەرەبوو کراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگی رابردوو 850 خێزان لە سنووری کەرکووک قەرەبووی مادەی 140ی دەستوورییان وەرگرتووە.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کەرکووک بەگشتی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 خەریکە دەکەوێتە سەر رێڕەوی یاسایی خۆی."
 
فەهمی بورهان دەڵێت، هەفتەی رابردوو سەردانی سنووری پارێزگای نەینەوای کردووە بە مەبەستی کردنەوەی نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 لە شنگال.
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، سبەی لەگەڵ جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ رێگری لە دروێنەی گەنم لە ناوچەکانی مادەی 140دا دەکات.
 
دەستپێکردنەوەی قەرەبووی مادەی 140 لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک کە نزیکەی 100 ملیار دینار بوو بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخرابوو.
  
بەپێی دەستووری عێراق، کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.