کەشناسێک: ئەگەر هەیە یەکشەممە خۆڵبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و گەرمترین شوێن گەرمیان دەبێت بە 36 پلە و حاجی ئۆمەرانیش بە 19 پلەی سیلیزی فێنکترین دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەگەر هەیە رۆژی یەکشەممە خۆڵبارین زۆرینەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە سنوورەکانی هەولێر، کەرکووک و گەرمیان چڕ دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، بڵاوی کردەوە، سبەی شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە.
هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە رۆژی یەکشەممە ئەگەری خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان هەیە کە چڕییەکەی زیاتر لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک، هەروەها دەڤەری گەرمیان دەبێت.
ئەو کەشناسە گوتیشی، بەهۆی بارستە هەواکەوە رۆژی دووشەممە نزیکەی 4 پلە، پلەی گەرما دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 31 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 28 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 30 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 35 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 29 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 19 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 31 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 27 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 36 پلەی سیلیزی