ژمارەیەک سەرۆک هۆز لە شنگال داوادەکەن هێزەکان لەنێو شنگال بچنە دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر چی دەنگی تەقە و شەڕی نێوان یەبەشە و سوپای عێراق لە شنگال راگیراوە، بەڵام دەنگی ناڕەزایی خەڵکی شنگال زیادیکردووە، ژمارەیەک لە سەرۆک هۆز و چالاکوان لە ناحیەی سنوونێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانکرد هێزە ئەمنییەکان لەنێو شنگال بکشێنەوە.
رۆستەم یوسف، سەرۆکی هۆزی چێلکا بە رووداوی گوت، "با شەڕ نەکەوێتە نێو ماڵەکانمان بۆ ئەوەی ژن و منداڵ نەترسن، نامانەوێ ستەممان لێ بکرێت، ئەوە داواکاریی ئێمەیە و هیچی دیکەمان ناوێت، تەنیا دەمانەوێ شەڕ لەنێو ماڵەکاندا دوور بکەوێتەوە."
لە شەڕی نێوان یەبەشە و سوپای عێراق لە باکووری چیای شنگال چەکی قورس بەکارهات، ئەوەش زیانی زۆری ماددی بە خەڵکی دەڤەرەکە گەیاندووە.
جەمیل سلێمان، فەرمانبەرە و دەڵێت، "با خەڵک هەموو بزانێت کە ئێمە خەڵکی بێلایەنی شنگال ئەم گردبوونەوەیەمان رێکخستووە، داخوازییەکانمان روون و دیارن بۆ هەموو لایەک، ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە نامانەوێت ئاڵۆزیی سیاسی و حیزبی بێتە دەڤەرەکەمانەوە."
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵ، ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان چوونە نێو شنگال، ئەو هێزە جیاوازانە بڕیار و جووڵەکانیشیان جیاوازن، ئەوەش ئاڵۆزی و شەڕی لە ناوچەکە زیادکردووە.
سەلام هەسکانی، فەرمانبەر باس لەوە دەکات، "ئەمڕۆ و دوێنێش ئێمە لە سنوونێ گردبوونەوەی ناڕەزاییمان هەبوو، سەرۆک هۆزەکانیش لێرە بوون، ئەوەش بەهۆی ئەم شەڕەی کە لەنێوان یەبەشە و سوپای عێراق دروستبووە، دەگوترێت یەبەشە هێزێکی عێراقییە و هاوکاری لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت، بەهۆی ئەو شەڕەوە زۆر خەڵک ئاوارە بوون، بۆیە داواکاریمان ئەوەیە کە شەڕ لە ناوچەکانمان دوور بخرێتەوە."
لە دوایین شەڕی نێوان یەبەشە و سوپای عێراق، جگە لە زیانە گیانییەکان، نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتی شنگال، جارێکی دیکە ئاوارەی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بوونەوە.