رووداو- رواندز
هاووڵاتییەک لەبەردەم قوتابخانەی پاشای گەورەی رواندوز و بەرانبەر قایمقامییەتی ئەو قەزایە، فیشهكێك بهخۆیهوه دهنێت و بههۆیهوه گیان لهدهست دهدات.
نەقیب محەممەد عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی سۆران، بۆ (رووداو) گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە برای ئەم هاووڵاتییەی خۆی کوشتووە دەستمان کەوتووە، ئەوان بەمەبەستی راپەڕاندنی هەندێک کاروباری ئیداری خۆیان سەردانی قایمقامییەتی قەزای رواندزیان کردووە".
گوتیشی: "ئەو هاووڵاتییەی خۆی کوشتووە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان ماوەتەوە و براکەی بۆ راپەڕاندنی مامەڵەکە سەردانی بینای قایمقامییەتی قەزاکەی کردووە. لەو کاتەدا هەواڵیان پێداوە، کە براکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا فیشهكێكی بهدەمی خۆیهوه ناوە و خۆی کوشتووە".
نەقیب محەممەد عەلی راشیگهیاند: "برای ئەو هاووڵاتییە گوتوویهتى براکەی نەخۆشی دەروونی هەبووە".
ئەم کەسەی خۆی کوشتووە دانیشتووی شاری هەولێرە و ناوى (حەسەن محەممەد سدیق)ه، خانەنشینە و ساڵی 1975 لهدایك بووه.
نەقیب محەمەد عەلی راشگەیاند: "تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادوەری سۆران کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەشی بۆ کراوەتهوه.
پەیامنێری (رووداو) پاش کەمێک لە رووداوەکە لەوێ ئامادە بوو، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی رووداوەكه لە شوێنەکە نەمابوو، لهو بارهیهوه نەقیب محەمەد گوتی: "هۆکاری نەهێشتنی ئاسەواری ئەو خۆکوشتنە ئەوە بووە، کە رووداوەکە لەنزیک قوتابخانەی پاشای گەورە روویداوە، بەهۆی رەچاوکردنی باری دەروونی قوتابییانی قوتابخانەکە ئاسەواری کوشتنەکەمان بە زوویی پاککردووەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ