ئاگر لە بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە؛ دەیان دووکان سووتاون

رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و دەیان دووکان سووتان. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
ئاگرەکە نزیک کاژێر 04:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممەی بازاڕی دارە سووتاوەکە ئەو دووکانانەی گرتووەتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵکراوە".
پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە زیانەکان خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن".
هاونیشتمانییەک کە سێ دووکانی لە بازاڕەکەدا هەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ دووکانم لێرەیە هەر سێیان سووتاون، کە بەتانی و دۆشەکی تێدایە و هەمووی سووتاوە، بە بەهای نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار {30 هەزار دۆلار} زیانم بەرکەوتووە".
تاوەکو ئێستا بەرگری شارستانی ئاماری زیانەکانی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە، نزیکەی 100 دووکان سووتاون یان زیانیان بەرکەتووە.