لە ئەڵمانیا زنجیرە کۆڕێک بۆ ئەحمەد محەممەدی شاعیر رێکدەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆڕی شیعری بۆ ئەحمەد محەممەدی شاعیر لە سێ شاری ئەڵمانیا سازدەکرێت.
ئەحمەد محەممەد، ئێوارەی رۆژی هەینی 05ـی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەم کۆڕی شیعری 20ـی نیسان لە شاری شتوتگارت لە ئەڵمانیا دەبێت.
کۆڕی دووەمی شاعیر ئێوارەی شەممە 24ـی نیسان لە نۆرنبێرگ دەبێت؛ دوایین کۆڕیشی لە 04ـی مانگی داهاتوو لە بەرلین دەبێت.
کۆڕەکان لەلایەن کۆمەڵەی کوردیی شتوگارت، ناوەندی کولتووریی کورد و ئەڵمان لە نۆرنبێرگ و گرووپی کابارێتی کورد لە بەرلینەوە سازدەکرێن.
ئەحمەد محەمەد گوتی، "کۆڕەکان بە پاڵپشتی حکومەتی ئەڵمانیا و کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا دەبن".
ناونیشانی شوێنی کۆڕەکان
کۆڕەکەی شتوتگارت:
Burgerzentrum West
BebelstaBe22,70193 Stuttgart
کۆڕەکەی نۆرنبێرگ:
Sislstr. 5, 90429 Nurnberg
کۆڕەکەی بەرلین:
Kurdisches zentrum e.v.
Dresdener Str. 8
10999 Berlin
ئەحمەد محەممەد یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی کوردستان و لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواو کردووە و ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە.
چەندین هۆنراوەی ئەحمەد محەممەد لەلایەن هونەرمەندانی کوردستانەوە کراون بە گۆرانی. هەروەها چەند هۆنراوەیەکی لەلایەن هونەرمەندانی عەرەب و فارسەوە کراون بە گۆرانی.
چەند نامەیەکی ماستەر و دکتۆرا لەسەر هۆنراوەکانی ئەو شاعیرە نووسراون؛ هەروەها دیوانەکەی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی سوێدی، ئیتاڵی و فەرەنسی.