مەلایەکی تەمەن 96 ساڵ لە پشدەر، پێشنوێژی دەکات و بانگ دەدات

رووداو دیجیتاڵ

مەلا عەبدوڵڵا، پیاوێكی تەمەن 96 ساڵی دونیادیتەی قسەخۆش و خوێندەوارە و دانیشتووی گوندی دێلۆیە لە پشدەر. لە تەمەنی مێرمنداڵی و گەنجی، زۆر گوند و ناوچەی رۆژهەڵات گەڕاوە بۆ خوێندنی فەقێتی و مەلایەتی، ئێستاش کە چوار ساڵی ماوە ببێتە 100 ساڵ، هەر لەسەر پێی خۆیەتی.
 
مەلا عەبدوڵڵا، بە دوای کاردا دەگەڕێت و حەزدەکات رۆژانەی خۆی بە کارکردن بەسەرببات، بۆیە دەچێتە دەشت و دەر و گیا و گەڵا بۆ مانگاکانی کۆدەکاتەوە و پێیان دەدات.
 
مەلا عەبدوڵڵا کە هەر لە گوندی دێلۆ لەدایکبووە، نزیکەی 15 ساڵ لە ئێران ژیاوە و لە زۆر گوندی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، ئێستاش هەموو رەمەزانێک بەڕۆژوو دەبێت و لە گوندەکەی خۆیان بانگ دەدات و پێشنوێژی دەکات.