سەرۆک بارزانی لە یادی راپەڕین: ئیرادەی سەربەرزی و ئازادی لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ده‌مێنێت

وێنەیەکی ئەرشیڤی 21ـی ئابی 2023، سەرۆک بارزانی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە دهۆک
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ "راپەڕین پەیامێکی زۆر روون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ."
 
لە پەیامەکەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-3-2024)ـیدا بەبۆنەی 33ـیەمین ساڵیادی راپەڕین، سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاند "دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی راپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی راپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن."
 
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.
 
ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر روون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ.
 
دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.
 
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین 
و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2024