دەنگێکی 'سێکوچکەی سیاچەمانە' بە یەکجاری ماڵئاوایی کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
جەمیل نەوسودی، کە لەنێو خەڵک و هاوڕێکانیدا بە یەکێک لە دەنگەکانی "سێکوچکەی سیاچەمانە" ناسرابوو، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد.
 
هۆکاری مردنەکەی، بۆ جەڵتەی دڵ گەڕێندراوەتەوە.
 
دەگوترێت نەوسودی خاوەنی 500 کاسێتی گۆرانی و سیاچەمانەیە.
 
سوبحان فەيرووز، بەڕێوەبەری يانەو سياچەمانەی دەڵێت، جەمیل نەوسودی يەکێک بوو لە سێکووچکەکانی سياچەمانە لە هەورامان، بەداخەوە سێکوچکەی هەورامان کەلێنی تێکەوت. هەروەها داوا دەکات، ئەو کەسانەی کاسێتی ئەویان لایە هاوکاریان بن لە کۆکردنەوەی ئەرشیفی ئەو هونەرمەندە.
 
هونەرمەند جەميل نەوسودی لە ساڵی 1946 لە گوندی قەڵاگای سەر بە نەوسوود لەدايکبووە، زياتر لە 40 ساڵە گۆرانی و سياچەمانەی هەورامان دەچڕێت، لەگەڵ هونەرمەندان عوسمان هەورامی و حەمەحوسێن و چەند هونەرمەندێکی دیکە کاری هاوبەشیان هەبووە.