پۆلیسی هەولێر: بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کەسێک 'سلڤانا دڵشاد' دەستگیرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لەسەر سکاڵایی هاووڵاتییەک کچە چالاکڤانێک بە ناوی (سلڤانا دڵشاد) دەستگیرکراوە و "لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە راستی بابەتەکە بەردەوامە." وەک پۆلیس دەڵێت، 'سلڤانا' "هەڕەشە"ی لە سکاڵاکارەکە کردووە.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هاووڵاتییەک بە ناوی (ر. د) سکاڵایی یاسایی دژ بە تۆمەتبار (سلڤانا دڵشاد شەمعون) تۆمارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی (سلڤانا) پێگەی خۆی وەک کەسێکی بازرگان و خاوەنکار بەکارهێناوە و هەڕەشەی لە هاووڵاتی (ر. د) کردووە کە لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانەوە کێشە و تۆمەتی بۆ دروستبکات ئەگەر بڕێک پارەی رادەست نەکات."
هۆگر عەزیز باسی لە کەسێکی دیکە کرد کە هاوکاریی سلڤانای کردووە و گوتی: تۆمەتبار (سلڤانا) ئەم کارەی بە هاوکاری تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (م. م) کردووە.