نرخی نان و سەموون لە هەرێمی کوردستان هەرزان دەکرێت؛ 'ئەگەر پاڵپشتی نەکرێین پابەند نابین'
رووداو دیجیتاڵ
10 سەموون بە کێشی 90 گرامی دەبێت نرخەکەی هەزار دینار بێت، ئەمە بڕیاری حکومەتە و هەر سەموونخانەیەک پابەند نەبێت بە بڕیارەکە، دادەخرێت، لە کاتێکدا ئەو سەموونانە پێشتر 8 دانەیان بە هەزار دینار بوون.
چەند رۆژێکە بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە و کاردانەوەی جیاوازی بەدوادا هاتووە، بێستوون حەمەد، خاوەنی یەکێک لە سەموونخانەکانە و دەڵێت، "ئێمە دەمێکە 10 سەموونمان کردووەتە هەزار دینار، بەڵام بەڕاستی سوودمان کەمە و داواکارین لە حکومەت پاڵپشتیمان بکات."
نان و سەموون بەپێی کێشی ئەنگوتکەکان نرخیان دیاری کراوە، کاتێک ئەنگوتکی نان یاخود سەموون کێشەکەی 180 گرام بێت پێنج دانە نرخیان هەزار دینار دەبێت.
لە هەندێک لە نانەواخانەکان کێشی ئەنگوتکەکانیان 160 گرامە و چوار نان بە هەزار دینارە، بەڵام بە پێی بڕیارەکەی حکومەت لە رۆژی یەک شەممەی داهاتووەوە دەبێت شەش نان نرخیان هەزار دینار بێت.
کاروان ئیسماعیل، خاوەن نانەواخانەیەکی دیکەیە باس لە بڕیارەکەی حکومەت و نرخی نان و سەموون دەکات، "ئەم فڕنەی ئێمە ژیانی سێ ماڵی لەسەرە کاتێک حکومەت دەڵێت، دەبێت نرخی نان هەرزان بێت و هیچ پاڵپشتیشمان نەکات بەڕاستی ناتوانین بەردەوام بین و دایدەخەین."
دلاوەر موحسین، ئەندامی ئەنجوومەنی نانەواخانە و سەمونخانەکانە، بۆ ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن یەک شەممەی داهاتوو لەگەڵ حکومەت کۆدەبنەوە، وەکو دەڵێن، ئەگەر پاڵپشتی نەکرێن ناتوانن پابەندی بڕیارەکە بن.
دلاوەر موحسین بە رووداوی گوت، "بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەت بگەینە رێککەوتن لە کۆبوونەوەکە داوادەکەین لیتری نەوت بکرێتە 250 دینار، هەروەها نرخی ئارد کەم بکرێت بۆمان و رێگە بە ئاردی تورکی بدرێت بێ باجی گومرگی هاوردە بکرێت و لەگەڵ چەندین داواکاری دیکەش ئەگەر لەلایەن حکومەت پاڵپشتی نەبوو ناتوانین بەردەوام بین لە کارکردن."
نان پێداویستیێکی گرنگی رۆژانەی خەڵکە، گران بێت یاخود هەرزان کڕینی ناچارییە. لەوبارەوە چەند هاونیشتمانییەک قسەیان بۆ رووداو کرد:
عەبدولخالق محەممەد، فەرمانبەرە لە هەرێمی کوردستان گوتی، "خەڵک بێ کارە و تاوەکو شتوومەک و پێداویستی هەرزان بێت کەمە."
شێرزاد حەمەدەمین، یەکێکە لە کاسبکارەکان لەبارەی هەرزانکردنی نرخی نان دەڵێت، "نان گرنگە هەرزان بێت بەڵام دەبێت حکومەتیش رەچاوی سوودی نانەواخانەکان بکات."
بڕیاری هەرزانکردنی نان لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ ئاراستەی هەموو پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کراوە. بەرژەوەندیی نانەواخانەکان و سەموونخانەکانیش رەچاو کراوە و بڕیارە 50%ـی کرێی کارەبایان لەسەر هەڵبگیرێت، ئارد و سووتەمەنیان بە نرخێکی گونجاو پێبدرێت.